راوێژكارێكی‌ كازمی‌: ئه‌و لایه‌نانه‌ ئاشكراده‌كه‌ین كه‌ زه‌بروزه‌نگیان له‌دژی‌ خۆپیشانده‌ران به‌كارهێناوه‌

  2020-07-30 16:11      123 جار بینراوە        کۆمێنت
هیشام داود راوێژكاری‌ مسته‌فا كازمی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق

راوێژكارێكی‌‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق، رایگه‌یاند كه‌ دوای‌ به‌ئه‌نجام گه‌یشتنی‌ كاره‌كانی‌ لیژنه‌ی‌ ده‌رخستنی‌ راستییه‌كان، ئه‌و لایه‌نانه‌ ئاشكراده‌كه‌ین كه‌ زه‌بروزه‌نگیان له‌دژی‌ خۆپیشانده‌ران به‌كارهێناوه‌.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 30ی‌ ته‌مموز، هیشام داود راوێژكاری‌ مسته‌فا كازمی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق، له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا كه‌ PUKNOW به‌دواداچوونی‌ بۆكردووه‌، رایگه‌یاند: حكومه‌ت، ته‌واوی‌ قوربانیانی‌ خۆپیشاندانه‌كان به‌ شه‌هید هه‌ژمار ده‌كات‌و فه‌رمانی‌ داوه‌ته‌ دامه‌زراوه‌ی‌ شه‌هیدان، یاساكانی‌ به‌سه‌ر قوربانیانی‌ خۆپیشاندانه‌كاندا په‌یڕه‌وبكات. 
وتیشی‌: " حكومه‌ت لیژنه‌یه‌ك بۆ ده‌رخستنی‌ راستییه‌كان پێكده‌هێنێت، بۆ روونكردنه‌وه‌ی‌ ته‌مومژه‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌و رووداوانه‌ی‌ له‌كاتی‌ خۆپیشاندانه‌كاندا روویانداوه‌"، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ " له‌كاتی‌ خۆپیشاندانه‌كاندا زه‌بروزه‌نگ‌و تووندوتیژیی‌ ده‌رهه‌ق به‌گه‌نجان به‌كارهاتووه‌، كه‌ هیچ پاساوێكی‌ نه‌بووه‌".
ئه‌و لێدوانه‌ی‌ داود، پاش نزیكه‌ی‌ 10 مانگ له‌ ده‌ستپێكردنی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ مانگی‌ ته‌شرینی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ پار له‌ به‌غداو شاره‌كانی‌ تری‌ عیراق دێت، كه‌ تێیدا ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی‌ داوای‌ باشكردنی‌ بژێویی خۆیان‌و كه‌سوكاریان‌ و  ئه‌نجامدانی‌ چاكسازییان ده‌كرد رووبه‌ڕووی‌ زه‌بروزه‌نگ بووه‌نه‌وه‌‌و سه‌دانیان لێ‌ كوژرا.
راوێژكاره‌كه‌ی‌ كازمی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌‌ : دوای‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌نجامی‌ كاره‌كانی‌ لیژنه‌ی‌ ده‌رخستنی‌ راستییه‌كان، ناوی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ راده‌گه‌یه‌نین كه‌ تووندوتیژییان له‌دژی‌ خۆپیشانده‌ران به‌كارهێناوه‌. باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ " كۆی‌ ئه‌و شه‌هیدانه‌ی‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ شۆڕشی‌ ته‌شرینه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ 500 شه‌هید له‌ خۆپیشانده‌رانی‌ مه‌ده‌نی‌‌و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان.
هیشام داود، هه‌روه‌ها وتی‌: ئامانجمان ده‌وڵه‌تێكی‌ یاسای‌ خاوه‌ن هه‌یبه‌ت‌و شكۆیه‌، هه‌وڵیش ده‌ده‌ین سنوور بۆ دیارده‌ی‌ رفاندن‌و بێ‌ سه‌رو شوێنكردن دابنێین. هه‌روه‌ها حكومه‌ت ره‌چاوی‌ باری‌ مرۆییانه‌ی‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان ده‌كات.

سه‌رچاوه‌: سایتی‌ ناس
وه‌رگێڕان‌و داڕشتنه‌وه‌ی‌: فه‌ریق حه‌بیب

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو