وته‌بێژی‌ سوپای‌ لیبیا: سێ‌ هه‌زار سه‌ربازی‌ توركیا له‌ لیبیان

  2020-07-30 16:39      94 جار بینراوە        کۆمێنت
‌ نزیكه‌ی‌ سێ‌ هه‌زار سه‌ربازی‌ توركیا له‌ لیبیادان

وته‌بێژی‌ سوپای‌ نیشتمانی‌ لیبیا، ئاشكرایكرد كه‌ نزیكه‌ی‌ سێ‌ هه‌زار سه‌ربازی‌ توركیا له‌ لیبیادان.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 30ی‌ ته‌مموز، لیوا ئه‌حمه‌د مسماری‌ وته‌بێژی‌ سوپای‌ نیشتمانی‌ لیبیا، له‌ لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ سه‌ربازان‌و ئه‌فسه‌رانی‌ توركیا، سه‌رپه‌رشتی‌ داگیركاری‌ توركیا ده‌رهه‌ق به‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌كه‌ن‌و سه‌ركردایه‌تی‌ میلیشیا چه‌كداره‌كان‌و  به‌كرێگیراوه‌ بیانییه‌كان ده‌كه‌ن، له‌و هێرشانه‌ی‌ ده‌كرێنه‌سه‌ر شاره‌كانی‌ لیبیا.
لێدوانه‌كه‌ی‌ مسماری‌، پاش ئه‌وه‌دێت كه‌ عه‌قیله‌ ساڵح سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ لیبیا جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی‌ راگرتنی‌ ده‌ستدرێژییه‌كانی‌ توركیا بۆسه‌ر خاكی‌ لیبیا‌و راگرتنی‌ ته‌واوی‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌ بیانییه‌كان.
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌، دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند، كه‌شتییه‌كی‌ جه‌نگی‌ ره‌وانه‌ی‌ ده‌ریای‌ سپی‌ ناوه‌ڕاست ده‌كات، له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌ركی‌ ده‌ریاییانه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا"ئیرینی‌"، به‌مه‌به‌ستی‌ چاودێریكردنی‌ ئه‌و ئابڵوقه‌یه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان سه‌پاندوویه‌تی‌ به‌سه‌ر بردنی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ بۆ لیبیا‌.
كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كه‌ی‌ ئه‌ڵمانیا كه‌ ناوی‌ " هامبۆرگ"ی‌ لێنراوه‌، نزیكه‌ی‌ 250 سه‌ربازی‌ هه‌ڵگرتووه‌‌و پێشبینی‌ ده‌كرێت له‌ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ ئابی‌ داهاتوودا بگاته‌ كه‌ناراوه‌كانی‌ لیبیا، به‌مه‌به‌ستی‌ به‌شداریكردن له‌و ئه‌ركه‌ی‌ كه‌ زیاتر له‌ 20 وڵاتی‌ ئه‌وروپی‌ گرتوویانه‌ته‌ئه‌ستۆ‌و و تێیدا هه‌وڵی‌ ریگریكردن ده‌ده‌ن له‌ گه‌یشتنی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌‌و ئامێری‌ سه‌ربازی‌ بۆ لیبیا.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ساڵانێكه‌ جه‌نگی‌ نێوخۆ‌ له‌ لیبیا هه‌ڵگیرساوه‌، له‌نێوان سوپای‌ نیشتمانی‌ لیبیا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ژه‌نه‌ڕاڵ خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ نێو ته‌رابلوسی‌ پایته‌ختی‌ لیبیا كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كه‌ی‌ فایز سه‌ڕاجه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كرێن.
ناوچه‌كانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ لیبیا له‌ژێر كۆنترۆڵی‌ سوپای‌ نیشتمانی‌ لێبیادان‌ و له‌لایه‌ن روسیا‌و میسر و سعودیه‌و ئیماراته‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێن، ته‌رابلوسی‌ پایته‌ختی‌ لیبیا‌و ناوچه‌كانی‌ خۆرئاوای‌ ئه‌و وڵاته‌ش له‌ ژێر هه‌ژموونی‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌ تووندڕه‌وه‌كاندایه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ لیبیا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ فایز سه‌ڕاج سه‌ركردایه‌تیان ده‌كات‌و له‌لایه‌ن توركیا‌و قه‌ته‌ره‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێن.

سه‌رچاوه‌: سكای‌ نیوز عه‌ره‌بییه‌
وه‌رگێڕان‌و داڕشتنه‌وه‌ی‌: فه‌ریق حه‌بیب

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو