ئیسرائیل و ئەمریكا لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا رێككەوتنێكیان واژۆكرد

  2020-07-31 23:31      104 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەمڕۆ هەینی 31-7-2020، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزی ئاسمانی وڵاتەكەی و سوپای ئەمریكا بەڵگەنامەیەكیان لەسەر بنەمای هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵاتەكە لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا واژۆ كردووە.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی "سپوتنیك"ی رووسی، سوپای ئیسرائیل ئاشكرایكردووە، لە دوای كۆبوونەوەیەكی گریمانەیی، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل و هێزی ئاسمانیی ئەمریكا واژۆیان لەسەر بەڵگەنامەیەك كردووە، بە جۆرێك هەردوو چەكی "تاد"ی ئەمریكی و "گوومەزی ئاسن"ی ئیسرائیلی لە دۆخی لەناكاودا لە ئیسرائیل بخرێنە كار.
چەكی بەرگریی ئەمریكی لە ناوچە زۆر بەرزەكان (THAAD) و گوومەزی ئاسن (Iron Dome)ی ئیسرائیلی، دوو سیستمی بەرگریی دژەمووشەكی بالیستین، هەردووكیشیان بۆ پووچەڵكردنەوەو خستنەخوارەوەی ئامانجە ئاسمانییە مەودا كورت و مامناوەند و دوورەكان دروستكراون.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، سوپای ئیسرائیل، هاوكاریی درێژمەودوای نێوان ئیسرائیل و ئەمریكای بەرزنرخاندووە.
ئاژانسەكە ئەوەشی خستۆتەڕوو، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، میوانداریی كۆمەڵەیەكی راوێژكاریی ساڵانەی سیاسەتی بەرگریی ئەمریكی-ئیسرائیلی كردووە.
كۆمەڵەكە باسیان لە دوایین پێشهاتە سیاسی، ئەمنی، ستراتیجی و ئیقلیمییەكانی كردووە، ئەوەش لە دوای هەڵكشانی گرژییەكان و شەڕەتەقەی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان لەسەر سنوور.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو