سەرۆكی پەرلەمان، داوای پێشخستنی وادەی هەڵبژاردنەكانی عیراق دەكات

  2020-08-01 11:18      101 جار بینراوە        کۆمێنت

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، داوای دەستنیشانكردنی وادەیەكی نزیكتری لەو وادەیە كرد كە سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەكانی وڵاتەكەی دەستنیشانی كردبوو.
ئەمڕۆ شەممە1-8-2020، محەممەد حەلبوسی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر راگەیەنراوێكی لە بارەی دەستنیشانكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، حكومەتەكانی پێشووتر بەرنامەی حكومی و وزارییەكانیان جێبەجێنەدەكرد، بە شێوەیەك لەو دێڕانە تێنەدەپەڕی كە بەرنامەكەی پێدەنووسرا.
حەلبووسی روونیشی كردەوە، هەر ئەمە بووە هۆی بەردەوامبوونی خۆپیشاندانە جەماوەرییەكان كە هۆكاری سەرهەڵدانیان كەمی خزمەتگوزاری و نەبوونی ژیانێكی باش و رێزلێگیراو بوو.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی كردەوە كە لە پێناو عیراق و دڵسۆزبوون بۆ قوربانیدانی نەوەكانی، داوای وادەیەكی نزیكتر بۆ هەڵبژاردنەكان دەكەین، هەروەها داواش دەكەین كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی كراوە و ئاشكرا بە ئامادەبوونی سەرۆكایەتییەكان و هێزە سیاسییەكان ئەنجامبدرێت، تاوەكو رێكارە دەستوورییەكان بەپێی ماددەی 64 بگیرێنەبەر.
سەرۆكی پەرلەمانی عیراق باسی لەوەشكردووە، ئەمە تاكە رێگەچارەی دەستوورییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە. ئەركە لەسەر هەمووانیش دەسەڵاتی خۆیان بزانن و بەرپرسیارێتییان لەبەردەم گەلدا هەڵبگرن.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو