هەردوو فڕۆكەخانەی سلێمانی وهەولێر بەڕووی گەشتیاراندا كرانەوە

  2020-08-01 12:57      107 جار بینراوە        کۆمێنت

بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی لەفرۆكەخانەی سلێمانییەوە راگەیاند و ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی راگرتنی گەشتەكانەوە داهاتی فڕۆكەخانە بەڕێژەی لە50% كەمیكردووە.
تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا ئاشكرایكرد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی فایرۆسی كۆرۆناوە، فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیش وەك هەر فڕۆكەخانەكانی دیكەی عیراق و ناوچەكەو جیهان، پابەندی رێنماییەكانی وەستاندنی گەشتەكان بوو كە لەسەرانسەری جیهاندا پەیرەوكرا.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەسەڵاتی فرۆكەوانی مەدەنی عیراق، رۆژی 27ی مانگی حەوت بڕیاریدا بە كردنەوەی گەشتەكان و ئەمڕۆش بە فەرمی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستبە گەشتەكان دەكرێتەوە.
روونیشیكردەوە، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە ئاگاداری هەموو كۆمپانیاكانی تایبەت بە گەشتە ئاسمانییەكان كردووە پابەندی رینمانییە تەندروستیەكان بن كە هەركەسێك لای ئەوانەوە گەشتی دەرەوە دەكات.
دەربارەی رێنماییە نوێیەكانی گەشتی ئێستای فڕۆكەخانەی سلێمانی، تاهیر عەبدوڵا وتی: ئەبێ ئەو كەسانەی كە گەشت دەكەن، چوار كاتژمێر بەر لە گەشتەكەی بێتە فرۆكەخانە، چونكە لە ئیًستادا رێشوێنی تەندروستی پێویست و تایبەت بۆ گەشتیان دەگیرێتە بەر.
جەختیشكردەوە، دەبێت هەموو كەسێك بەدەمامكەوە بێتە فرۆكەخانە، ئەگەرنا رێگەی هاتنە ناوەوەی پێ نادرێت و ناتوانێت گەشتەكەی بكات.
داواشی لەهاووڵاتیان و گەشتیاریان كرد، هاوكاریان بن، بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزارییان پێشكەشبكرێت، وتیشی: رینماییەكی دیكەی گرنگ كە دەبێت هەموو گەشتیارێك پێوەی پابەند بێت ئەوەیە، پێویستە گەشیتیار 48 كاتژمێر پێش گەشتەكەی پشكنینی (PCR) ی بۆ كۆرۆنا كردبێت، بۆ ئەوەی گەشتەكەی هەڵنەوەشێتەوە، چونكە بەبێ ئەو پشكنینە رێگەی گەشتی پێ نادرێت.
سەبارەت بەو زیانانەی كە بەرفرۆكەخانەی سلێمانی كەوتووە، بەهۆی راگرتنی گەشتەكانەوە، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی ئاشكرایكرد، لیژنەیەكی تایبەت دیاریكراوە بۆ خەمڵاندنەكانی زیانی فرۆكەخانە و كۆمپانیاكانی گواستنەوە.
سەبارەت بە زیانەكانی فرۆكەخانە وتی: بەبەراودكردن بە ساڵی 2017 داهاتی فڕۆكەخانە لە سەدا 40 بۆ 50 كەمیكردووە، چونكە دەبێت بەراورددە بەو ماوەی پێش ریفراندۆم بكرێت، بە تایبەت لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم داهاتی فرۆكەخانەكان زۆر كەمیكرد و توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ فڕۆمكەخانەی سلێمانی راگرت.
ئاشكراشی كرد، یەكەم گەشتی هاتن بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی لە كاتژمیر 11 شەو دەبێت كە توركیاوە دێت.
داواشی لە هاووڵاتیان و گەشتیاران كرد دان بەخۆیاندا بگرن و ئەوانەی دێتە فرۆكە تەنها یەك كەسی لەگەڵدا بێت ئەویش لە پێناو كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و بەریەككەتوون.
داواشی لەوكەسانەش كرد كە لەئەوروپاوە دەگەڕینەوە بۆ هەرێمی كوردستان دانبەخۆیاندا بگرن و كارمەندەكان بیّزار نەكەن، بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بگەنەوە ناو كەسوكاریان، چونكە بەهۆی جێبەجێكردنی رێنماییەكانەوە ناتوانرێت، وەك لەوەبەر پەلە بكرێت لە تێپەڕینی گەشتیاران و دەبێت سەرجەمی گەشتیاران پشكنین بۆ خۆیان و كەلوپەلەكانیان بكرێت.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو