وەزارەتی كارەبا: كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا زیاد دەكات

  2020-08-02 10:30      179 جار بینراوە        کۆمێنت

وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات بەتەواویی دەستی بەبەرهەمهێنان كردووە، ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەرێمی كوردستان گەیشتە 3400 بۆ 3500 مێگاوات، بەم بڕە كارەبایەش توانرا بەتێكڕا 20-21 كاتژمێر كارەبا بدرێت بەهاووڵاتیان.
وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەسەرپەرشتی وەزیری كارەبا وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات بەتەواویی توانای خۆیەوە دەستی بەبەرهەمهێنان كرد، دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ لەلایەن ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا سەرپەرشتی كارپێكردنی دەكرێت.
 ئاماژەی بەوەشكردووە، یەكەی دووەمی وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەباتی بەسەركەوتویی توانراوە بەتەواویی توانای خۆیەوە بەكاربخرێت، بەوەش ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەرێمی كوردستان گەیشتە 3400 بۆ 3500 مێگاوات، بەم بڕە كارەبایەش توانرا بەتێكڕا 20-21 كاتژمێر كارەبا بدرێت بەهاووڵاتیان.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەزیری كارەبا وێڕای دەستخۆشی لە ستافی لیژنەی سەرپەرشتیاری پرۆژەكە داواشی لێكردن بەهەماهەنگی لەگەڵ تیمی ئیشپێكردنی وێستگەكە و سەرجەم فەرمانبەرانی ئیشكگر لە كۆنتڕۆڵ و وێستگەكان و چاكسازییەكان هەموان پێكەوە پارێزگاری لەم دەستكەوتە بكەن و كارەبای پێویست بدەنە هاونیشتمانیان.
وەزارەتی كارەبا باسی لەوەشكردوە، ئەو وێستگەیەش جیاوازە لەوێستگەكانی دیكەی كارەبا و بەیەكێك لەپرۆژە گەورەو ستراتیژییەكان دادەنرێت كە بۆ یەكەمینجارە لەسەر ئاستی كوردستان بەتەكنەلۆژیایەكی بەرز لەرێگەی نەوتی رەش و گەرمكردنی ئاوەوە وزەی كارەبا بەرهەمدەهێنرێت و لەڕووی تێچونەوە سودێكی ئابوورییانەی گەورەی هەیە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو