بانگەوازێك لەسەر هەوڵەكانی تەعریبكردنەوەی ناوچە كوردستانیەكان

  2020-08-02 14:09      1359 جار بینراوە        کۆمێنت

مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوكی یەكێتی، لە بانگەوازێكدا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، داوای وەستاندنی داگیركردنی زەوی و موڵكی كورد دەكات.
ئەمەی خوارەوە دەقی بانگەوازەكەیە...
بە داخەوە لە كاتێكدا هاونیشتمانییانی كەركوك و داقوق و دووزخورماتوو سەرقاڵی بەڕێكردنی بۆنەكانی چەژنی قوربانن، لەم كاتەدا و بەدەر لە رێوشوێنە دەستوری و یاساییەكان بەشێك لە "عەرەبە هاوردەكان" كە لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە كەركوك و دەوربەریان بەجێهێشتوە و پێشتر لە چوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەب كردن هێنرابونە كەركوك ناوچەكانی دەوروبەری، ئەمڕۆ جارێكی تر و بە مەبەستی بە عەرەب كردنەوەی ناوچەكانی (حەڤتەغار و مەهاوش و كولیتەپەی سەر بە شارۆچكەی داقوق) بەهێزێكی زۆرە هاتوونەتەوە سنورەكەو دەیانەوێ دووبارە لە سەر زەوی و زاری كوردی رەسەنی دانیشتووی ئەو ناوچانە نیشتجێ بكرێنەوە!
لەم رووەوە داوا لە سەرۆك كۆمار و سەرەك وەزیڕان و وەزیری ناوخۆی عیراقی فیدڕاڵ و، نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرجەم رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە دەكەین كە بە پەلە رێگە لەم دەستدرێژی و داگیركارییە بگرن و رێگە نەدەن ئاشتی كۆمەڵایەتیی بشێوێنرێ و پەیوەندی لە مێژینەی نێوان پێكهاتە رەسەنەكانی كەركوك تێكبدرێ. ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرلەبەری ئەم هەڵسوكەوتە داگیركارییە رەتدەكەینەوە و بە سەرەتایەكی مەترسیداریشی دەزانین بۆ لێكترازانی نێوان پێكهاتەكان بە تایبەتیش نێوان كورد و عەرەب، لەو رووەوە داوا لە هێزە ئەمنییەكانیش دەكەین بە پەلە رێوشوێنە دەستورییەكان بگرنەبەر و رێگە لەم داگیركارییە بگرن و لایەنگیری نەكەن!
لەم سۆنگەیەوە هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە كە بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەین دەست بۆ زەوی و زاری كورد و هەر پێكهاتەیەكی تریش ببرێ و لەو پێناوەدا هەموو رێو شوێنێك دەگرینەبەر و ئامادەی هەموو شێوازێكی خەباتی مەدەنی و سیاسین، هەر ئەمڕۆش  لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك و پەرلەمانتارەكان لە سەرخەت بوونە بۆ ئەو مەبەستە و پەیوەنییان بە بەڕێز سەرۆك كۆمار و وەزیری ناوخۆ و داد و فەرماندەی ئۆپەراسیۆن و پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و لایەنەكانی ترەوە كردووە و لە بەرامبەردا ئەوانیش بەڵێنیان داوە بە دەستور و یاسا چارەسەری ئەم كێشەیە بكەن و هەر رێوشوێنێك پێویست بوو بگرینەبەر‌ بە مەبەستی كۆتایی هێێنان بەم كێشەیە. 
مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
2-8-2020

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو