پەیامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ یادی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی

  2020-08-02 16:17      154 جار بینراوە        کۆمێنت

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەیادی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی پەیامێك بڵاودەكاتەوە.
دەقی پەیامەكە...
پەیامی مەكتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەبیرەوەری خەمناکی جینۆسایدی كوردانی ئێزدیدا
لە (3)ی ئابی ساڵی (2014) و رۆژانی دواتر، تیرۆرستانی رێکخراوی نەفرەت لێکراوی داعش، بەشێوەیەكی دڕندانە پەلاماری خەڵکی شەنگالیانداو تاوانی گەورەی قەتلوعامیان دژی کۆمەڵگەی دێرین و رەسەنی ئێزدی بەرپا کرد.
لەو تاوانە دژە نەتەوەیی و نیشتمانی و ئینسانییەدا كە بەپێی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، دەچێتە خانەی تاوانی جینۆسایدەوە، هەزاران هاووڵاتی مەدەنی كۆمەڵكوژو بەهەزارانی تریش بێسەروشوێن كران ، بەشێوەی تاوانی رێکخراوەیی، ھۆڤانەو دڕندانەی کۆنینەو نوێ، ژنان و پیاوانی ئێزدی لێکجیاکرانەوە، بە بەرچاوی کۆمەڵگەی مۆدێرنی مرۆڤایەتی لەسەدەی بیستویەکدا، بازاڕی کۆیلایەتی و شەرمەزاری فرۆشتن و بازرگانی جەستەیان پێ زیندووکرایەوە.  ژنانی سەربەرز و رووسوری ئێزدیش، سەرقافلەی زیانلێکەوتوانی ئەو تاوانە بوون.
ئێزدییەکان بەهۆی بنەچەی ئاینی و نەتەوەییانەوە ، لە مێژووی دوور و نزیكی ئەم رۆژھەڵاتەماندا ، دەیان جار رووبەرووی فەرمانی پاكتاو و جینۆساید و دەربەدەری بوونەتەوە، لەپشت هەریەك لەو تاوانانەوە، عەقلیەتێكی دواكەوتووی ڕەگەزپەرەستانە هەبووە، بەڵام کۆمەڵگەی ژیاندۆستی ئێزدی بە خۆراگری و ئیرادەی بەهێزەوە توانیویانە سەربەرزانە بمێننەوە. بۆ ئێستاش پێویستییەکی کوردستانی و عێراقی و ئینسانییە کار و کۆششیان بۆ بکرێ تا بەسەر ئاسەواری دوا تاوانی دژیان سەربکەون و ژیان و بوژاندنەوە و ئاوەدانی دەڤەرەکەیان ببێتە ئەجیندای پەرۆشی داھاتوومان. لەیادی تێپەربوونی (6) ساڵ بەسەر ئەم تاوانەدا جارێكی تر ئیدانەی ئەم کۆمەڵکوژییە و ئەم لەکە پڕ شەرمەزارییەی داعش و رەفتار داعشییەکان دەكەینەوە ، سەری رێز لە ئاستی گڵكۆی هەموو شەهیدان و قوربانییەكان دادەنەوێنین و سڵاوی خۆراگری بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەنێرین . 
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی ئێزدی... لەكاتێكدا یادی جینۆسایدی ئێزدییەكان دەكەینەوە، ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە كە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشە، لەلایەن ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەیارمەتی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانانەوە رووبەرووی شكستی گەورە بوونەتەوە، بەڵام هێشتا بەشێكی زۆری تاوانبارانی ئەم كەیسە دەستگیرنەكراون و رووبەرووی یاسا نەكراونەتەوەو تاوانەكەیش وەك كەیسی جینۆساید لە ئاستی ناوخۆی عێراق و نێودەوڵەتیدا، كاری جددی لەسەر نەكراوە، هێشتا ئەو عەقلیەتەی هاندەری تاوانی لەم شێوەیەیە ، وەكو خۆیەتی و ڕەنگە لەبەرگی تردا خۆی مەڵاس دابێت و بخوازێت فەزای ژیان و ئایندەی کۆمەڵگەی فرەیی و رەنگینی کوردستان و عێراق و ناوچەکە ئالودە بکەنەوە، بۆیە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەختدەكەینەوە، كە پێویستە لە ھەرێمی كوردستان، لە ئاستی پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوە پەیوەندارەكانی تر، لە ئاستی حزب و لایەنە سیاسیەكان و نوێنەرانی فراکسێۆنەکانی كوردستان لە بەغدا، كەیسی جینۆسادی ئێزدییەكان، بكرێتە خەمێكی ئینسانی و نیشتمانی و نەتەوەیی و هەوڵی بێوچان بدرێت، لەبەر رۆشنایی یاسا و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەت لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەڕەسمی وەك تاوانی جینۆسایدو دژی مرۆیی و جەنگ بناسرێن، ئەنجامدەرانی تاوانەكەش رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە، قەرەبووی كەسوكاری قوربانییەكان و زیانلێكەوتووان بكرێتەوە. ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی و مرۆیی، لایەن و دامەزراوە پەیوەندارەكانیشە، بێ درێغ هەوڵبدەن سۆراغی بێسەروشوێنكراوەكان بكەن و چارەنووسیان یەكلایی بكەنەوە، گۆڕەبەكۆمەڵەكان هەڵبدرێنەوەو بەڵگەنامەكان بپارێزرێن، ناوچە زیانلێكەوتووەكانیش ئاوەدان بكرێنەوەو گوزەرانی خەڵكەكەی باش بكرێت. 
لەم بیرەوەرییە تاڵەدا ، سڵاو لە گڵكۆی شەهیدانی جینۆسایدی ئێزدییەكان و هەموو شەهیدانی كوردستان... نەفرەت لە تاوانكاران و تیرۆریستان...
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو