سەرۆكایەتی یەكێتی: ئەركی حكومەتە دۆزینەوەی خوشك و برا ئێزدییە بێسەروشوێنەكان بكاتە كاری لەپێشینەی خۆی

  2020-08-03 16:28      141 جار بینراوە        کۆمێنت

سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شەشەمین ساڵیادی جینۆسایدی شەنگالدا بەپێویستی دەزانێت هێزە سیاسییەكانی كوردستان، شانبەشانی حكومەتی عێراق و كۆمەڵی نێودەوڵەتی، بەشداری بكەن لەپرۆسەی بوژاندنەوەی شەنگال و گەڕاندنەوەی دانیشتوانە رەسەنەكەی بۆ زێدی باب و باپیریان
لە شەشەمین ساڵیادی كارەساتی شەنگال و جینۆسایدی ئێزدییان، بە خەمێكی قووڵەوە،  یادی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانەی‌ دەرهەق بە گەلەكەمان كرا بەرز رادەگرین،  پشوودرێژی و ورە و باوەڕ بە ئایندەیەكی گەشتر بۆ كەسوكاریان دەخوازین و، داواكارین لایەنە پەیوەندارەكانی كۆمەڵی نێودەوڵەتی، حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان پەلە بكەن لە ناساندنی كارەساتی شەنگال وەك تاوانی جینۆساید و، لەبەردەم دادگایەكی باڵادا، رێكخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی و تاوانبارەكانیان و ئەوانەش كە كەمتەرخەم و هۆكاربوون بۆ‌ روودانی كارەساتەكە، بە سزا بگەیەنن.
سەرباری گەورەیی كارەساتەكە و دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر رۆژی رەشی 3ی8ی2014، هێشتا برینی خوشك و برا ئێزدییەكانمان سارێژ نەبووە. دەیان هەزار خێزان داڕماون. هەزاران كچ و مناڵ و پیاوی ئێزدی بێ سەروشوێنن و، دەیان هەزار پیر و بریندار لە ئاوارەیی كەمپەكاندا و دوور لە زێدی خۆیان، دوور لە ئازیزانیان، خراپترین رۆژگار دەگوزەرێنن. لە دۆخێكی وا تاڵدا، ئەركی هەموو لایەكمانە‌ دوور لە دروشمبازیی، سنورێك بۆ ئەم دۆخە خراپەی ژیانی ئێزدییەكانی پاش جینۆساید دابنێین و، پشتیوان بین لە ئاسایی كردنەوەی ژیانی خەڵك لە شەنگال‌ و، دوور لە ململانێ و بەرژەوەندیی تەسكی حزبی، ئێزدییان و ناسنامەی گەلی خۆمان و كولتوری پێكەوەژیان و فرەیی ئاینیی بپارێزێن.
بە پێویستی دەزانین هێزە سیاسییەكانی كوردستان، شانبەشانی حكومەتی عێراق و كۆمەڵی نێودەوڵەتی، بەشداری بكەن لە پرۆسەی بوژاندنەوەی شەنگال و گەڕاندنەوەی دانیشتوانە رەسەنەكەی بۆ زێدی باب و باپیریان. ئەركی حكومەت و لایەنە پەیوەندارەكانە بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی، دۆزینەوەی خوشك و برا ئێزدییە بێسەروشوێنەكراوەكان بكاتە كاری لەپێشینەی خۆی. ئەركی هەمووشمانە كە ئەو رۆژانە و، شەهیدانی ئێزدی و شەهیدانی روبەڕوبوونەوەی داعش لەیاد نەكەین و، دڵنیاین كە قوربانیدانی هێزەكانی پێشمەرگە و یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان رێگەی نەدا پیلانی تری داعش لە قڕكردن و داگیركاریی بۆ سەر كوردستان سەربگرێت.
ئێمە لە سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كاتێكدا مەزڵومییەت و قوربانیدانی ئێزدییەكان بەوپەڕی بەرز دەنرخێنین، بەڵێنی هاوكاری و پشتیوانیی تەواویان بۆ دووپات دەكەینەوە و رایدەگەیەنین: خەباتی ئێمە لەپێناو پاراستن و بەدیهاتنی داوا رەواكانی ئەوان و ئامانجی تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە. 
سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شەنگال و تەواوی شەهیدانی كوردستان
 سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو