ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی: پێویستە ئێزیدییە رزگاربووەكان قەرەبوو بكرێنەوە

  2020-08-03 19:18      130 جار بینراوە        کۆمێنت

نەسڕوڵڵا سورچی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و بەرپرسی مەڵبەندی 20ی رێكخستنی قەرەچووغ، ئەمڕۆ دووشەممە، داوا دەكات حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان قەرەبووی قوربانیانی ئێزیدییەكان بكەنەوە، كە لەسەر دەستی تیرۆرستانی داعش تووشی  قێزەونترین تاوانی سەدە بوون و رووبەڕووی كوشتن و ئاوارەیی و چەوساندنەوە و كۆیلەكردن بوونەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەپێناوی بەرگریكردن لەشەنگال و رزگاركردنی هاووڵاتییە ئێزیدییە رفێنراوەكاندا، دەیان شەهید و سەدان برینداری بەخشیوە.
سورچی لەمیانی بەڕێوەچوونی رێورەسمی هاوخەمی بۆ قوربانیانی كوردانی ئێزیدیی، بەبۆنەی شەشەمین ساڵیادی كارەساتی شەنگال، كە لەلایەن مەڵبەندی رێكخستنی قەرەچوغەوە سازكرابوو، وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: رۆژی 3ی ئاب وێنەیەكی كارەساتبارە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا، لەمڕۆژەدا بوو، تیرۆرستانی داعش قێزەوترین تاوانی سەدەیان دەرهەق بە كوردانی ئێزیدیی ئەنجامدا و تووشی كوشتن و ئاوارەیی و چەوساندنەوە بوونەوە، شارەكانیان وێران كران و كچان و ژنەكانیان رفێندراون و بەكۆیلە كران، بەناڕەوا تووشی ئەو مەرگەسات و تاوانكارییانە بوونەوە،كوردانی ئێزیدیی كەسانی بێوەین و دەیانەوێت لەگەڵ پێكهاتەكانی تردا بەئاشتییانە بژین.
سورچی ئاماژەی بەوەشكرد، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەمیانی هێرش و پەلامارەكانی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر پارێزگای موسڵ و داگیركردنی چەندەها قەزاو ناحیە لەسنوورەكە، لەنێویاندا قەزای شەنگال، دەیان شەهید و سەدان برینداری لەپێناو بەرگریكردن لەسەرجەم پێكهاتەكان و بەتایبەتیش كوردانی ئێزیدی و رزگاركردنی رفێنراوان بەخشیوە، سەرەڕای بەهاناوەچوون و رزگاركردنی ئەو مناڵ و ژن و بەساڵاچووانەی لە چیاكان و چۆڵەوانییەكاندا بەدەست برسێتی و تینوێتییەوە ئەیانڵاند.
لەكۆتا وتەیدا، نەسڕوڵڵا سورچی دووپاتی كردەوە كە پێویستە حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان قەرەبووی ئێزیدییە رزگاربووەكان بكەنەوە، لەڕووی مەعنەوی و دەروونییەوە سەرلەنوێ‌ ساز و ئامادەیان بكەنەوە، هەروەها چاككردنەوەی ناوچەكانیان كە بەهۆی پرۆسە سەربازییەكانەوە وێرانبوون. پێویستە لەسەر دادگا نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئەم دۆسیە بێنەدەنگ و دەستوەردانی تێدا بكەن و تاوانكاران و ئەوانەی كەمتەرخەم بوون لەم پرسەدا بەسزای رەوای خۆیان بگەیەنرێن.
راگەیاندنی مەڵبەندی رێكخستنی قەرەچوغ

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو