رۆژی‌ هه‌ینی‌ بڕیارێك ده‌درێت لوبنان ده‌هه‌ژێنێت

  2020-08-04 18:34      557 جار بینراوە        کۆمێنت
شوێنه‌واری‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ و وێنه‌یه‌كی‌ ره‌فیق حه‌ریری‌

رۆژی‌ هه‌ینی‌ داهاتوو 7ی‌ ئاب، دادگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ تایبه‌ت به‌ دادگاییكردنی‌ تۆمه‌تبارانی‌ كه‌یسی‌ تیرۆركردنی‌ ره‌فیق حه‌ریری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووتری‌ لوبنان، حوكمی‌ خۆی‌ ده‌رده‌كات.
پاش 15 ساڵ له‌ رووداوی‌ تیرۆركردنی‌ ره‌فیق حه‌ریری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووتری‌ لوبنان، بڕیاره‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ داهاتوو 7ی‌ ئاب، ئه‌و دادگایه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دایمه‌زراندووه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تیرۆركردنی‌ حه‌ریری،‌ حوكمی‌ خۆی‌ ده‌رهه‌ق به‌و تۆمه‌تبارانه‌ بدات كه‌ به‌ئه‌نجامدانی‌ تیرۆركردنی‌ ره‌فیق حه‌ریری‌ تۆمه‌تباركراون.
ئه‌و دادگایه‌ی‌ له‌دوای‌ 2005ه‌وه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و كه‌یسه‌ دامه‌زراوه‌، پاش زنجیره‌یه‌ك له‌ دانیشتنی‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌ك، چوار ئه‌ندامی‌ حیزبوڵای‌ لوبنانی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاماده‌نه‌بوو حوكمدا، به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌نجامدانی‌ پرۆسه‌ی‌ تیرۆركردنی‌ ره‌فیق حه‌ریری‌، كه‌ ئه‌و كاته‌ لوبنانی‌ هه‌ژاند، به‌ڵام حوكمی‌ كۆتایی‌ دادگاكه‌ مایه‌وه‌ بۆ رۆژی‌ 7ی‌ ئه‌م مانگه‌.
چاودێرانی‌ سیاسی‌ پێشبینی‌ ده‌كه‌ن، له‌دوای‌ ده‌رچوونی‌ حوكمی‌ دادگاكه له‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌‌، لوبنان جارێكی‌ تر به‌هه‌ژێت و ئه‌گه‌ری درووستبوونی‌ گردبوونه‌وه‌و پشێویش له‌ئارادایه‌.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ لوبنان به‌ دۆخێكی‌ ئابووری‌‌و سیاسی‌ ناله‌باردا تێده‌په‌ڕێت‌و به‌هۆی‌ ململانێ‌ ئیقلیمییه‌كانه‌وه‌ باری‌ ئابووری‌ وڵات داته‌پیوه‌و به‌های‌ لیره‌ی‌ لوبنانی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ بێ‌ وێنه‌ دابه‌زیووه‌و ئه‌و وڵاته‌ له‌ لێواری‌ داڕووخاندایه‌.
له‌ساڵی‌ 2005 دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ لۆرییه‌كی‌ بۆمبڕێژكراو به‌كاروانی‌ ئۆتۆمبێله‌كانی‌ ره‌فیق حه‌ریری‌دا ته‌قییه‌وه‌و بووه‌هۆی‌ كوژرانی‌ ناوبراو و ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ پاسه‌وانه‌كانی‌، په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت ئاراسته‌ی‌ حیزبوڵای‌ لوبنان‌و حكومه‌تی‌ سوریا كرا.
هه‌ر ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م له‌دوای‌ رووداوه‌كه‌، سوپای‌ سوریا كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ 25 ساڵ له‌و وڵاته‌دا بوو، ناچاركرا له‌ژێر كاریگه‌ریی‌ گووشاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا بكشێته‌وه‌.
حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ لوبنان به‌سه‌ر هه‌ردوو ته‌وه‌ری‌ ئێران‌و سوریا له‌لایه‌ك و ئه‌مریكا‌و سعودیه‌دا دابه‌ش بوون، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ ئه‌و وڵاته‌ ساڵانێكی‌ زۆره‌ سه‌قامگیریی‌‌و ئاسایش به‌خۆوه‌نه‌بینێت.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی‌ رۆیته‌رز
وه‌رگێڕان‌و ئاماده‌كردنی‌: رێباز فه‌ریق PUKNOW

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو