ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ به‌هێز لوبنانی‌ هه‌ژاند

  2020-08-04 19:22      121 جار بینراوە        کۆمێنت
دیمه‌نێك له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ به‌هێز به‌یروت-ی‌ پایته‌ختی‌ لوبنانی‌ هه‌ژاند.
ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ نزیك ماڵی‌ سه‌عد حه‌ریری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووی‌ لوبنان بووه‌و وه‌زیری‌ ته‌ندرووستی‌ لوبنان رایگه‌یاند ته‌قینه‌وه‌كه‌ له به‌نده‌ری‌ به‌یروت له‌‌ گه‌نجینه‌یه‌كی‌‌ یارییه‌ ئاگرینه‌كاندا بووه‌و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ هاوڵاتیان برینداربوون.
هاوكات، سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ لوبنان رایانگه‌یاند، ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌بوو له‌یه‌ك كاتدا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ یارییه‌ ئاگرینه‌كان له‌نێو گه‌نجینه‌یه‌كی‌‌ ئه‌و یارییانه‌دا ته‌قیونه‌ته‌وه‌‌و سه‌ره‌نجام ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ لێ‌ به‌رهه‌مهاتووه‌.
ئه‌و سه‌رچاوانه‌ بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ ئۆتۆمبێلی‌ فریاكه‌وتن‌و ئاگركوژێنه‌وه‌ روویان له‌ شوێنی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ كردووه‌و سه‌رقاڵی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ برینداره‌كانن.
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ هه‌واڵی‌ عه‌ره‌بی‌ بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ ته‌قینه‌وه‌ له‌ نزیك ماڵی‌ سه‌عد حه‌ریری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووی‌ لوبنان روویداوه‌.
له‌و باره‌یه‌وه‌ كه‌ناڵی‌ جه‌زیره‌ی‌ قه‌ته‌ری‌ له‌ هه‌واڵێكی‌ به‌په‌له‌دا رایگه‌یاند كه‌ بۆمبێك له‌ نزیك ماڵی‌ سه‌عد حه‌ریری‌ ته‌قیوه‌ته‌وه‌.
كه‌ناڵی‌ LBC لوبنانیش ئاشكرایكرد كه‌ سه‌عد حه‌ریری‌ سه‌ڵامه‌ته‌و سه‌رقاڵی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ن كه‌پێوه‌ی‌ ده‌كرێن.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ بڕیاره‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ داهاتوو، دادگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ تایبه‌ت به‌ دادگاییكردنی‌ تۆمه‌تبارانی‌ كه‌یسی‌ تیرۆركردنی‌ ره‌فیق حه‌ریری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووتری‌ لوبنان، حوكمی‌ خۆی‌ ده‌رده‌كات.
دوابه‌دوای‌ رووداوه‌كه‌ش،  PUKNOW به‌دواداچوونی‌ بۆ توێته‌ری‌ رۆژنامه‌نووس‌و راگه‌یه‌ندكاره‌ ناسراوه‌كانی‌ لوبنان كرد، به‌مه‌به‌ستی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ زانیاری‌ زیاتر له‌ باره‌ی‌ رووداوه‌كه‌وه‌‌‌، زۆربه‌ی‌ ئه‌و راگه‌یه‌ندكارانه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن به‌هۆی‌ رووداوه‌كه‌وه‌ سه‌دان كه‌س برینداربوون‌و هه‌زاران بینا زیانیان پێگه‌یشتووه‌.
ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزبووه‌ كه‌ ته‌وژمه‌كه‌ی‌ هاوشێوه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ بووه‌‌و هه‌ندێكیان گومانیان هه‌یه‌‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ئاكامی‌‌ گڕگرتنی‌ یاریی ئاگرینه‌كانه‌وه‌ بوبێت.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی‌ ئیخباریه‌
وه‌رگێڕان‌و ئاماده‌كردنی‌: رێباز فه‌ریق PUKNOW 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو