سوپای‌ لوبنان یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ی‌ له‌دوای‌ رووداوه‌كه‌ی‌ به‌یروت ده‌ركرد

  2020-08-05 19:12      176 جار بینراوە        کۆمێنت
به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌و باره‌ نائاسایه‌‌ راده‌ستی‌ سوپای‌ لوبنان كرا

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 5ی‌ ئاب، سوپای‌ لوبنان، یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ی‌ ده‌ركرد، ئه‌وه‌ش له‌ دوای‌ راگه‌یاندنی‌ باری‌ نائاسایی‌ له‌ به‌یروتی‌ پایته‌ختی‌ لوبنان بۆ ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌، به‌هۆی‌ ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ به‌هێزه‌ی‌ دوێنێ‌ به‌شێكی‌ شاره‌كه‌ی‌ خاپوور كرد.
له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا سوپای‌ لوبنان داوای‌ چۆڵكردنی‌ هه‌موو ئه‌و گه‌ڕه‌ك‌و ناوچانه‌ی‌ كردووه‌ كه‌ زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، به‌ئامانجی‌ رێگه‌دان به‌ پرۆسه‌ی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ خۆڵ‌و خاشاك‌و لابردنی‌ شوێنه‌واری‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌. 
سوپا، هۆشداریی‌ دایه‌ ته‌واوی‌ ئامرازه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ ناوخۆو بیانی‌ له‌ به‌كارهێنانی‌ فڕۆكه‌ی‌ بێ‌ فڕۆكه‌وان(Drone) له‌ ته‌واوی‌ كایه‌ی‌ ئاسمانی‌ به‌یروتدا، به‌بیانووی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و فڕۆكانه‌ كاریگه‌ریی‌ خراپیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر جموجۆڵی‌ ئه‌و هێلیكۆپته‌رانه‌ی‌ سه‌رقاڵی‌ خامۆشكردنه‌وه‌ی‌ ئاگرو یارمه‌تی كاری‌ فریاگوزارین.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ لوبنان، باری‌ نائاسایی‌ بۆ ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌ له‌ به‌یروت راگه‌یاند كه‌ ده‌كرێت ماوه‌كه‌ی‌ تازه‌بكرێته‌وه‌، پرۆسه‌ی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌و باره‌ نائاسایه‌شی‌ راده‌ستی‌ سوپای‌ لوبنان كرد.
هاوكات حكومه‌تی‌ لوبنان بڕیاریدا سه‌رجه‌م به‌رپرسانی‌ به‌نده‌ری‌ به‌یروت كه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ تێدا بوو، له‌ ماڵه‌كانی‌ خۆیاندا ده‌ستبه‌سه‌ر بكات، تا كاتی‌ كۆتاییهاتنی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌.
به‌پێی‌ دواین ئامار، تائێستا 113 كه‌س به‌هۆی‌ رووداوه‌كه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، زیاتر له‌ 4 هه‌زار كه‌سی‌ تریش برینداربوون.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو