سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نسا له‌ لوبنان: ده‌بێت سنوورێك بۆ گه‌نده‌ڵی‌ دابنرێت ئینجا پشتیوانتان ده‌بین

  2020-08-06 15:22      111 جار بینراوە        کۆمێنت
ئیمانوێڵ ماكرون له‌كاتی‌ پێشوازیلێكردنی‌ له‌لایه‌ن عیماد میشێل عۆن سه‌رۆكی‌ لوبنانه‌وه‌

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 6ی‌ ئاب، ئیمانوێڵ ماكرون سه‌رۆكی‌ فه‌رنسا گه‌یشته‌ به‌یروتی‌ پایته‌ختی‌ لوبنان، 48 كاتژمێر له‌دوای‌ ئه‌و ته‌قنیه‌وه‌ وێرانكه‌ره‌ی‌ ‌ به‌نده‌ری‌ به‌یروت‌و به‌شێك له‌ شاره‌كه‌ی‌ خاپوور كرد.
هاوكات له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی‌ بۆ لوبنان، سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نسا، جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ لوبنان له‌و مه‌رگه‌ساته‌دا ته‌نها نییه‌‌و فه‌ره‌نسا به‌وپه‌ڕی‌ توانایه‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كات.
له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا، ماكرون، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری‌ لوبنان‌و به‌رپرسانی‌ باڵای‌ ئه‌و وڵاته‌ كۆده‌بێته‌وه‌و سه‌ردانی‌ شوێنی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ش ده‌كات، وه‌ك یه‌كه‌م سه‌رۆكی‌ وڵاتێك كه‌ سه‌ردانی‌ لوبنانی‌ كردبێت.
سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نسا وتی‌: ئه‌وه‌ی‌ له‌ لوبنان‌و به‌یروت روویداوه‌ كاره‌ساتێكی‌ زۆر گه‌وره‌یه‌، كاره‌كه‌ له‌ بومه‌له‌رزه‌یه‌ك گه‌وره‌تره‌ كه‌ ته‌واوی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ هه‌ژاندووه‌.
له‌كاتێكدا ماكرۆن باسی‌ له‌و یاره‌مه‌تییه‌ فریاگوزارییه‌ كرد كه‌ فه‌ره‌نسا بۆ لوبنانی‌ ناردووه‌، رایگه‌یاند: ده‌بێت سنوورێك بۆ گه‌نده‌ڵی‌ دابنرێت‌و ده‌ستبكرێت به‌ چاكسازی‌، ئینجا پشتیوانتان ده‌بین.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ لوبنانییه‌كان به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵی‌ ئیداری‌و دارایی‌‌و سیاسییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن‌و ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگێكه‌ قه‌یرانێكی‌ دارایی‌ تووند به‌رۆكی‌ لوبنانییه‌كان گرتووه‌.
هاوكات به‌پێی‌‌ دواین ئامار ژماره‌ی‌ كوژراوانی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ لوبنان گه‌یشته‌ نزیكه‌ی‌ 140 كه‌س‌و زیاتر له‌ 5 هه‌زار كه‌سی‌ تریش برینداربوون.

سه‌رچاوه‌: سكای‌ نیوز عه‌ره‌بییه‌
وه‌رگێڕان‌و داڕشتنه‌وه‌ی‌: رێباز فه‌ریق

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو