هاوڵاتییه‌كی‌ لوبنانی‌ له‌باره‌ی‌ ره‌وشی‌‌ به‌یروت له‌دوای‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ قسه‌ بۆ PUKNOW ده‌كات

  2020-08-06 22:11      133 جار بینراوە        کۆمێنت
دیمه‌نێكی‌ شوێنی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ به‌یروت

لوبنان، به‌تایبه‌تی‌ دانیشتوانی‌ به‌یروتی‌‌ پایته‌خت، به‌ره‌وشێكی‌ مرۆیی‌‌و ته‌ندرووستی‌‌و ئابووری‌ ناله‌باردا تێده‌په‌ڕن، به‌تایبه‌تی‌ له‌دوای‌ ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ری‌ به‌نده‌ری‌ به‌یروت.
له‌و باره‌یه‌وه‌، ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 6ی‌ ئاب، هاوڵاتییه‌كی‌ لوبنانی‌ كه‌ ناوی‌ فادی‌ محه‌ممه‌ده‌، تیشكی‌ خسته‌سه‌ر دوا ره‌وشی‌ لوبنان‌و رایگه‌یاند بارودۆخی‌ لوبنان، به‌تایبه‌تی‌ به‌یروت، ئه‌وه‌نده‌ خراپه‌ كه‌ مایه‌ی‌ گریانه‌.
ئه‌و هاوڵاتییه‌ لوبنانیه‌ كه‌ مامۆستایه‌، رایگه‌یاند به‌ر له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ش، ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگێك بوو دۆخی‌ لوبنان زۆر خراپ بوو، قه‌یرانی‌ دارایی‌ هه‌بوو، به‌های‌ لیره‌ی‌ لوبنانی‌ هه‌ره‌سیهێنابوو. حكومه‌ت ته‌نها چه‌ند كاتژمێرێكی‌ كه‌م ده‌یتوانی‌ كاره‌بای‌ نیشتمانی‌ بدات به‌ هاوڵاتیان.
فادی‌، هه‌روه‌ها وتی‌: سه‌رباری‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش، په‌تای‌ كۆرۆنا به‌شێوه‌یه‌كی‌ ترسناك بڵاوده‌بووه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر ژیانی‌ لوبنانییه‌كانی‌ ناره‌حه‌ت كردبوو.
لێدوانه‌كه‌ی‌ فادی‌ له‌كاتێكدایه‌ دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ به‌هێز له‌ به‌نده‌ری‌ به‌یروت روویدا‌و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 140 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداو نزیكه‌ی‌ 5 هه‌زار كه‌سیش برینداربوون‌و سه‌دان هه‌زار كه‌سیش بێ‌ ماڵ‌و حاڵ بوون.
فادی‌ دوو ماڵیان هه‌یه‌، یه‌كێكیان له‌ شارۆچكه‌ی‌ ئه‌لسۆره‌ كه‌ به‌ئۆتۆمبێل ماوه‌ی‌ كاتژمێرێك له‌ به‌یروتی‌ پایته‌خته‌وه‌ دووره‌، ماڵێكی‌ تریشیان له‌ ناو به‌یروته‌، نزیك له‌و شوێنه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ لێبوو.
ئه‌و كوڕێكی‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌فسه‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌ به‌یروت، فادی‌ ده‌ڵێت: له‌كاتی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌دا من له‌ شاری‌ ئه‌لسۆر بووم، به‌ڵام كوڕه‌كه‌م له‌ به‌یروت بوو، خۆشبه‌ختانه‌ له‌كاتی‌ رووداوه‌كه‌دا له‌ ده‌ره‌وه‌ى ماڵه‌كه‌مان بوو، بۆیه‌ زیانی‌ گیانی‌ پێنه‌گه‌یشت به‌ڵام خانووه‌كه‌مان زیانی‌ زۆری‌ پێگه‌یشتووه‌، وه‌كو هه‌زاران ماڵی‌ تری‌ شاره‌كه‌.
ئه‌و وتی‌: ماڵه‌كه‌ی‌ ئه‌لسۆرمان نزیكه‌ی‌ یه‌ك كاتژمێر له‌ به‌یروته‌وه‌ دووره‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ ته‌واوی‌ شووشه‌ی‌ په‌نجه‌ره‌كانمان شكاوه‌.
له‌باره‌ی‌ ره‌وشی‌ ئێستای‌ به‌یروته‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، ماڵی‌ وا هه‌یه‌ ته‌واوی‌ خێزانه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، ماڵی‌ واش هه‌یه‌ خۆیان بریندارن، به‌ڵام ماڵه‌كه‌یان وێران بووه‌و له‌ئێستادا له‌ چادرگه‌دان، حاڵی‌ حازر به‌یروتی‌‌ جوان‌و قه‌شه‌نگ بووه‌ته‌ شاری‌ تارمییه‌كان، مرۆڤ تووشی‌ دڵته‌نگی‌‌و دارووخان ده‌بێت كه‌ چاوی‌ به‌ بارودۆخی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌كه‌وێت‌ به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ماڵیان له‌ شوێنی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌وه‌ نزیكه‌.
فادی‌ ده‌ڵێت: دۆخی‌ لوبنان ته‌نانه‌ت پێش ته‌قینه‌وه‌كه‌ش زۆر ناهه‌موار بوو، بڕوابكه‌ زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵك نه‌یانده‌توانی‌ به‌ حه‌زی‌ خۆیان خۆراك‌و پێداویستی‌ رۆژانه‌ بكڕن، زۆربه‌مان ناتوانین گۆشت‌و برنج‌و ماسی‌ بكڕین، خه‌ڵكێكی‌ زۆر ناچاربووه‌ كه‌لوپه‌له‌كانی‌ ناو ماڵی‌ خۆیان بفرۆشن بۆ كڕینی‌ پێداویستییه‌كانیان.
لێدوانه‌كه‌ی‌ فادی‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ لێدوانێكی‌ راوول نیعمە وه‌زیری‌ ئابووری‌ لوبنان كه‌ رایگه‌یاند حكومەت توانای ئەوەی نییە به‌ره‌نگاری‌ لێكەوتە ئابوورییەكانی كارەساتەكەی بەندەری بەیروت ببێتەوە، بۆیه‌  داوای‌ لەوڵاتان كرد هاوكاری‌ و كۆمەكی پێویست رەوانەی لوبنان بكه‌ن.
فادی‌ زانیاری‌ باشی‌ له‌سه‌ر كورد هه‌یه‌‌و كاتێك به‌وه‌ی‌ زانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، پرسه‌نامه‌ی‌ ئاراسته‌ی‌ لوبنانییه‌كان كردووه‌و هاوخه‌می‌ ده‌ربڕیووه‌، سوپاسی‌ كوردستانی‌ كردو رایگه‌یاند: به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌زانین هه‌موو جیهان له‌گه‌ڵمان هاوسۆزه‌ له‌م مه‌رگه‌ساته‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ پشتیوانمان نییه‌ ته‌نها سیاسییه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ خۆمانه‌‌.
ره‌خنه‌كانی‌ فادی‌ دوای‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ ئیمانوێڵ ماكرۆن سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نسا دێت بۆ به‌یروت كه‌ تێیدا وێڕای‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ و چاوكه‌وتنی‌ به‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ دانیشتوانی‌ به‌یروت پشتیوانی‌ فه‌ره‌نسای‌ بۆ لوبنانییه‌كان دووپاتكرده‌وه‌، به‌مه‌رجێك ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌و وڵاته‌ رووبه‌ڕووی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ببنه‌وه‌و ده‌ستبكه‌ن به‌چاكسازی‌.
له‌دوای‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نسا، زۆرێك له‌ رۆژنامه‌نووس‌و كه‌سایه‌تیه‌كانی‌ لوبنان له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ته‌نزه‌وه‌ باسیان له‌وه‌كرد له‌كاتێكدا سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نسا دێته‌ شوێنی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌‌و هاوڵاتیان به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌، به‌رپرسانی‌ حكومه‌ت‌و پارته‌ سیاسییه‌كان ناوێرن بێ‌ پاسه‌وانه‌كانیان بێنه‌ شوێنی‌ رووداوه‌كه‌و خه‌ڵك بدوێنن.

ئاماده‌كردنی‌: فه‌ریق حه‌بیب

وێنه‌ی‌ به‌شێك له‌و وتووێژه‌ی‌ puknow به‌زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌گه‌ڵ فادی‌ ئه‌نجامی‌ داوه

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو