كۆسرەت ڕەسول: حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان خاوەنی مێژوویەكی پڕشنگدارو سەروەری گەورەیە

  2020-08-08 12:49      106 جار بینراوە        کۆمێنت

كۆسرەت رەسول عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پیرۆزبایی لە یادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دەكات. ئەمەش دەقەكەیەتی..
برای بەڕێزم كاك محەمەدی حاجی مەحمود
سڵاوێكی گەرم..
لە "44"ەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، بەناوی خۆم و هەڤاڵانم لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی جەنابت و سەرجەم هەڤاڵانتان لە ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و دۆست و لایەنگرانتان دەكەم، ئاواتەخوازم ساڵ لەدوای ساڵ لە گەشەسەندن و پێشكەوتنی بەردەوامدا بن.
حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا خاوەنی مێژوویەكی پڕشنگدارو سەروەری گەورەیە، چ لە خەباتی شاخ و چ لە سەردەمی حوكمڕانی خۆماڵی لەشاردا، لە "44" ساڵی تەمەنی پڕ بەخششی حزبەكەتاندا، توانیوتانە رۆڵێكی جوامێرانەو شۆڕشگێڕانە بگێڕن و دەیان و سەدان پێشمەرگەو قارەمانی سۆسیالیست لەپێناو خەباتی رەوای گەلەكەماندا هاوشانی برا پێشمەرگەكانیان لە هێزو لایەنە سیاسییەكان خەباتیان كردووەو قوربانیان داوە بۆ ئازادی و دیموكراسی گەلەكەمان.
ئەمڕۆ لە "44"ەمین ساڵیادی دامەرزاندنی حزبە تێكۆشەرەكەتان، لە پاڵ دووبارە پیرۆزباییم بۆتان، جەخت لە پەرەپێدان و فراوانتركردنی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوانمان لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دەكەمەوەو بە دەرفەتیشی دەزانم ئەم یادە پیرۆزەتان بكەمە وێستگەیەك تا رایبگەیەنم بۆ دۆخی ئەمڕۆی كوردستان و عێراق و ناوچەكە لە هێزو لایەنە سیاسییەكان دەخوازێ یەكگرتوو بین و لە نزیكترین كاتدا كێشەكان چارەسەر بكەین و كۆتایی بە ناكۆكی سیاسی بێنین، هەوڵەكانمان یەكبخەین بۆ چارەسەركردنی دۆخی كوردستان و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان.
لەگەڵ رێزم
كۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو