دابان شەدەڵە وەك جێگری لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوە دەستبەكاربوو

  2020-08-09 15:08      219 جار بینراوە        کۆمێنت

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێوڕەسمی دەستبەكاربوونی دابان شەدەڵە وەك جێگری لێپرسراوی پە‌یوە‌ندییە‌كانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: فەرمانگەی پەیوەندییەكان یەكێكە لە پایە گرنگەكانی حكومەت و وەك سەرۆكایەتی حكومەت بە تەواوی پاڵپشتی هەنگاوەكانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە دەكەین بۆ پەرەپێدان و بەهێزكردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی هەرێم لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان. 
 ڕێوڕەسمەكە كە ئەمڕۆ یەكشەمە 9-8-2020 بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەفین دزەیی لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وێرای پیرۆزبایی لە دابان شەدەڵە، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و ستایشی كار و چالاكییەكانی پێشووی كرد كە نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو لە وڵاتی ئیسپانیا.
 قوباد تاڵەبانی لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا رایگەیاند، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە یەكێكە لە پایە گرنگەكانی حكومەت و ڕۆڵی گرنگی بینوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە و توانیویەتی ببێتە پردێكی باش بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و ئێمەش وەك سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران پاڵپشتی هەنگاو و كارەكانیانین.
جەختیشی كردەوە یەكێك لە ئەولەویاتی حكومەتی هەرێم گرنگیدانە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان و پەرەپێدانی ئەم فەرمانگەیە و رێكخستنەوە و فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمە لەگەڵ وڵاتانی جیهان، لەوبڕوایەداین كاك سەفین وەك لێپرسراو و كاك دابان وەك جێگر پێكەوە دەتوانن هەنگاوی باش بنێن لەوبارەیەوە.
لە ڕێوڕەسمەكەدا سەفین دزەیی لێپرسراویی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە وتەیەكدا بەخێرهاتنی دابان شەدەڵەی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە بەڕێزیان ئەزمونێكی باشی هەیە لە پرسی پەیوەندییەكان بۆیە گەشبینین پێكەوە بتوانین كارەكانی فەرمانگە بە باشی راپەڕێنین.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو