عەرەب و توركمانەكانی كەركوك، دژی خواستەكانی هەرێمی كوردستانن

  2020-08-12 10:02      109 جار بینراوە        کۆمێنت

عەرەب و توركمانەكانی كەركوك، دژی خواستەكانی هەرێمی كوردستانن و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شارەكە و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رەتدەكەنەوە.
حەسەن تۆران، جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی رایگەیاند، گەڕانەوەی پێشمەرگە پێچەوانەی دەستورە، پێشمەرگە بەپێی دەستور پاسەوانی هەرێمە، بەڵام كەركوك لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانە.
لیژنەكانی هەماهەنگی وەزارەتی بەرگری عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە ناو بەناو كۆدەبنەوە، یەكێك لەو تەوەرانەی گفتوگۆیان لەبارەوە كردووە، هەماهەنگی و ئەنجامدانی كاری هاوبەشە لەناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەڵام عەرەب و توركمانەكان دژی هەر رێككەوتنێكن، تایبەت بێت بە چوونەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك.
ئیسماعیل حەدیدی، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لەكەركوك لەوبارەیەوە ئاشكرایكرد، كێشەمان لەگەڵ بوونی بازگەی هاوبەش لە دەوروبەری كەركوك نیە، بەڵام عەرەب و توركمان رازی نین، پێشمەرگە بڕواتە ناو شاری كەركوك.
مانگی رابردوو پێشمەرگە و هێزەكانی عیراق لەنێوان قەزاكانی كفری و خورماتوو، بۆشاییەكی ئەمنی فراوانیان بەڕێككەوتن پڕكردەوە كە هەردولایان خاڵی سەربازیان لەو ناوچایە دانا كە پێشتر یەكێك بوو لەو ناوچانەی داعش كردبویە شوێنی چالاكی خۆی.
لیوا محەمەد رێگر، فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری پردێ، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك و دەوروبەری، بۆ پاراستنی كوردەكان بەپێویست دەزانێت، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كوردەكان سنوورەكە چۆڵ دەكەن، گەر پێشمەرگە بەهانایانەوە نەڕوات.
ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشمەرگە لە ساڵی 2014 عەرەب و توركمانی كەركوكی لەهێرشی داعش پاراست، بەتایبەت پێشمەرگە قەڵغان بو بۆ توركمانەكانی كەركوك، بۆیە ئەوانەی دژی پێشمەرگە قسە دەكەن، ژمارەیان كەمە و شۆڤێنین.
زۆرێك لە بەرپرسانی كورد پێیانوایە رێككەوتنی نێوان عیراق و هەرێم بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شەنگال و پارێزگای دیالە ئاسانترە، وەك لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك و خورماتوو كە عەرەب و توركمانەكانی ئەو ناوچەیە دژی رێككەوتنی لەو جۆرەن.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو