روسیا ‌‌بەڵێن بە عیراق دەدات، بۆ دەستكەوتنی ڤاكسینی كۆرۆنا

  2020-08-12 10:15      147 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەندامێكی شانەی قەیرانەكانی سەر بە پەرلەمانی عیراق ئاشكرای دەكات، وڵاتەكەیان سەرەی گرتووە بۆ كڕینی ڤاكسینی دژە كۆرۆنای روسی و بەمنزیكانەش دەستیدەكەوێت.
نەهرۆ محمەد، ئەندامی شانەی قەیرانەكانی سەر بە پەرلەمانی عیراق بە میدیای فەرمی عیراقییەی راگەیاندووە، عیراق یەكێك لەو 20 وڵاتەی كە داواكاری بۆ بەدەستخستنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنای پێشكەشی روسیا كردووە و چاوەڕواندەكرێت بەمنزیكانە بەدەستیبكەوێت.
دەشڵێت، بەرپرسانی روسیا وتوویانە ڤاكسینەكە بەمنزیكانە دەگاتە عیراق و لەسەرەتاشدا دەدرێتە ئەوانەی كە دۆخیان خراپە و پێویستیان پێیەتی و دواتریش ئەو چینانە دیاریدەكرێت كە پێیاندەدرێت.
رۆژی سێشەممە ڤلادمێر پوتن، سەرۆكی روسیا رایگەیاند، بڕیاری لەسەر بەكارهێنانی یەكەم ڤاكسینی دژە كۆرۆنا لەجیهاندا داوە و داواشی لەوەزیری تەندروستی وڵاتەكەی كرد دەستبەجێ دەستبكەن بە دابەشكردنی لە روسیا و هەروەها ئەو وڵاتانەی كە ناوی خۆیان تۆمار كردووە بۆ كڕینی.
لای خۆشیەوە، دكتۆر ریاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عیراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، وڵاتەكەی دەستپێشخەری كردووە بەمەبەستی هەماهەنگیكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی جیهاندا بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسینێكی كاریگەر و ئەركی لەپێشینەی ناو تۆماركردنیەتی بۆ ئامادەكردنی بەشێكی زۆر لە ڤاكسینەكە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆخە تەندروستیەكە بەپشتبەستن بەوانەی كە خێرا بەرهەمی دەهێنن و دەیخەنە بازاڕەوە.
باسی لەوەش كرد، چەند چینێك هەیە دەبێت سەرەتا بەوان بدرێن لەوانە ئەوانەی كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، چونكە زیاتر دووچاری مەترسیەكانی نەخۆشیەكە دەبنەوە و هەروەها بە تەمەنەكان و ئەو كارمەندە پزیشكیانەی لە سەنگەرەكانی پێشەوەی دۆخەكەن، لەگەڵ پێدانی بەهێزە ئەمنییەكان و دواتریش چینەكانی دیكە.
ئەوە لەكاتێكدایە، زانایانی رۆژئاوا گومانیان هەیە لەبارەی خێرایی گەشەپێدانی ڤاكسینە روسییەكە و دەڵێن، رەنگە توێژەران تاقیكردنەوە پێویستەكانیان كورتبكرێتەوە، لەژێر فشاری دەسەڵاتداراندا.
روسیا چەند مانگێكە كار دەكات لەسەر گەشەپێدانی چەند ڤاكسینێك هاوشێوەی وڵاتانی دیكەی جیهان، ڤاكسینەكەی ئێستا كە بەناوی "گامالیا" ناوبراوە بەهاوكاری لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی روسیا گەشەی پێدراوە كە هیچ ماددەیەكی ڤایرۆسی لە پێكهاتەكەیدا نییە.
تا ئێستا زیاتر لە 28 ڤاكسین لەسەر ئاستی جیهان لەژێر پڕۆسەی گەشەپێدان و تاقیكردنەوەدان و هەندێكیان لە قۆناغی كۆتایی نزیكبوونەتەوە.
سەرەڕای چڕی هەوڵەكان لەو بارەیەوە، زۆربەی زانایان پێیانوایە هیچ ڤاكسینێك بەشێوەی بەربڵاو بەردەست نابێت بۆ تووشبووانی كۆرۆنا تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو