چوونە دەرەوە لە هەردوو پارێزگاری ئێستا و پێشووی كەركوك قەدەغە دەكرێت

  2020-09-15 10:08      187 جار بینراوە        کۆمێنت

دەستەی دەستپاكی عیراق رایگەیاند، لەبەرئەوەی لەكاتی دروستكردنی خوێندنگەیەكدا پارەیەكی زۆر بەهەدەر دراوە، فەرمانی دەستگیركردن بۆ 23 فەرمانبەر و رێگریكردن لەگەشتكردن بۆ پارێزگاری كەركوك و بەڕێوەبەری یەكێك لە خوێندنگەكان دەرچووە.
دەستەكە ئەمڕۆ سێشەممە 15-9-2020، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، دادگای لێكۆلینەوەی تایبەت بە دۆسیەیەكی دەستپاكی لە كەركوك، فەرمانیكردووە بە ئامادەبوونی پارێزگاری كەركوك و بەرێوەبەری بینای قوتابخانەكان لە پارێزگاكە، بەپێی ماددەی (340)ی یاسای سزادان.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هۆكاری ئەو بڕیارە بوونی بەهەدەردانی داهاتی گشتییە لە پرۆسەی دروستكردنی قوتابخانە بەرێگەی بینای ئامادەكراو كە دراوە بە یەكێك لە كۆمپانیا بیانییەكان بەبودجەی (57,894,000,000)  ملیار دینار.
دەستەی نەزاهە ئەوەشی خستەڕوو، فەرمانەكە پارێزگاری پێشووی كەركوكیش دەگرێتەوە، لەگەڵ دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن و رێگریكردن لە گەشت بۆ 23 فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە كە بەرێوەبەری گشتی پێشتری تێدایە.
دۆسیەكە تایبەتە بە دروستكردنی 25 قوتابخانە لەسەر شێوەی بینای ئامادەكراو كە دراوە بە كۆمپانیایەكی بیانی و كۆتایی مانگی رابردوو دەستەی نەزاهە لێكۆڵینەوەكانی لەو بارەیەوە دەستپێكرد.
دەستەكە ئەوكات ئاشكرایكردبوو، كۆمپانیاكە گۆڕانكاریی لە نەخشەی سەرەكیدا كردووە و ژمارەی قوتابخانەكانی بۆ 18 قوتابخانە كەمكردۆتەوە و رووبەرەكەشی دەستكاری كردووە، بەپێچەوانەی بەندەكانی گرێبەستەكە، بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی لە وەزارەتی پلاندانان.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو