31 كەس سیڤییان پێشكەشكردووە، بۆ پۆستی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ

  2020-09-16 10:20      109 جار بینراوە        کۆمێنت

لەسەر داوایەكی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ، 31 هاووڵاتی سیڤییان ناردووە بۆ پەرلەمان.
سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، دوێنێ دوا وادەبوو بۆ خۆپاڵاوتن سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، 31 سیڤی گەیشتۆتە پەرلەمانی كوردستان، 12یان ئافرەتە و 19یان پیاون و لە پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانن.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو سیڤییەكان ئێستا داخڵ كراوە، لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵسەنگاندن بۆ سیڤییەكان دەكەن بەپێی ئەو مەرجانەی كە پێشتر بڵاوكرابۆوەن دواتر بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەو كەسانەی كە هەموو مەرجەكانیان تێدایە هەڵدەبژێردرێت و ناوەكان دەهێندرێتە كۆبوونەوەی پەرلەمان و دەنگی لەسەر دەدرێت، هەركەس زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا پۆستەكەی پێدەدرێت.
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، یەكی ئەم مانگە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا ئاماژەی بەوەدابوو، بەمەبەستی خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هەر هاووڵاتییەك ئارەزومەندە دەتوانێت (C.V)ی خۆی پێشكەش بە ‌بەڕێوەبەرایەتی كاروباری پەرلەمان لەپەرلەمانی كوردستان بكات.
بەپێی مەرجەكانی پەرلەمانی كوردستان، ئەو كەسەی سیڤی پڕدەكاتەوە دەبێت، هاووڵاتی هەرێمی كوردستان بێت و لە كوردستان نیشتەجی بێت، لایەنی كەم بڕوانامەی سەرەتایی زانكۆیی هەبێ و لە ‌بواری مافەكانی مرۆڤ لێهاتوو و شارەزا بێ.
هەروەها خوڕەوشتی باش بێ و بەتاوانێك یان كەتنێكی ئابڕووبەر حوكم نەدرابێ، بەڵێنامەیەكی دەستنووس پێشكەش بكات كە لەماوەی فەرمانبەرایەتییەكەیدا حزبایەتی نەكات و بەشداریی لەو تاوانەدا نەكردبێ كە ‌دەسەڵاتە داپلۆسێنەرەكان ئەنجامیان دابێت.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو