سەرۆكایەتی یەكێتی سەركۆنەی تاوانی خێڵی حەمە دەكات

  2020-09-24 10:18      144 جار بینراوە        کۆمێنت

نۆزدە ساڵ بەسەر كارەساتی خێڵی حەمە تێپەر دەبێت و لە 23ی ئەیلولی ساڵی 2001 دا دوژمنانی رووناكی و ئارامی و ئاسایش بێگوێدانە بەھاكانی مرۆڤایەتی ، تیرۆرستانی جندالاسلام و انێار الاسلام دەستی رەشی تیرۆریان گەیاندنە گوندی خێڵی حەمە و بە شێوەیەكی دڕندانە و نامرۆڤانە 43 پێشمەرگەی ی.ن.ك-یان لە ناوچەی شارەزوور بەدیلی شەهید كرد‌ و دواتر تەرمەكانیان شێواندن.
لە كاتێكدا یادی ئەو كارەساتە دەكەینەوە وەك  سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆمان بە قەرزاری خوێنی شەھیدان دەزانین و سەری رێز لەئاست گەورەیی ئەو شەھیدانە و شەھیدانی شەڕی تیرۆر و سەرجەم شەھیدانی كوردستان دادەنەوێنین.
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان !
یەكێتی وەك لایەنی سەرەكی و یەكەمی قوربانی دەستی تیرۆر و شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ھەمیشە لەبەرەی پێشەوەی دژبەتاریك پەرستان و دوژمنانی ئازادی بووە، یەكێتی یەكەم ھێزی كوردستان و عێراق-یش بوو لەدژی تیرۆر وەستایەوە لە خانەقین تا مەخمور و لە رۆژئاوا و كۆبانیش هێزی پێشمەرگەو  دژەتیرۆر و ھێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ رووبەڕووی داعش بونەوە و بەسەریا زاڵبوون و  سەدان شەھیدیشمان بەخشی بەكوردستان، لەداھاتووشدا بەردەوام دەبین و ھەموو ھەوڵێكمان بۆ سەقامگیری سیاسی و ئارامی و پاراستنی ھەرێمەكەمانە.
چونكە ناكرێت مەترسی سەرھەڵدانەوەی تیرۆرو خۆڕێكخستنەوەیان لەبەرچاونەگیرێت چونكە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەبێ یەكڕیزی نابێت و تا كۆتاییھێنان بە رەگ و ریشەی بیری توندڕەویی، تیرۆر بەردەوام دەبێت.
بۆئەوەش پێویستی بەردەوامی و ھەماھەنگی زیاتری ھەمەلایەنەی نێوان ھێزەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق و ھاوپەیمانان دووپاتدەكەینەوە و بەپشتیوانی خەڵكی خۆمان كوردستانەكەمان دەپارێزین و مەرامی ناحەزان و تیرۆریستان لەگۆڕدەنێین و كاربۆ كوردستانێكی ئاوەدانترو ئارامتردەكەین.
 لەمڕۆژەدا بە پێویستیشی دەزانین ھەموولایەك  دڵنیابكەینەوە  كە گوزەرانی خانەوادەی شەھیدان بە ئەولەویەتی  كارەكانمان دادەنێین و بەردەوام دەبین لە ھەوڵەكانمان بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانیان و خزمەتكردنی زیاتریان.
دووبارە سەری رێزو نەوازش لەسەر كێلی سەربەزی شەھیدانی كارەساتی خێڵی حەمەو شەھیدانی كوردستان دادەنەوێنین و رێزی بێ پایانمان بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان.
سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو