پۆمپیۆ، هەڕەشە لە بەرپرسانی عیراق دەكات

  2020-09-26 12:41      203 جار بینراوە        کۆمێنت

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هەڕەشە لە بەرپرسانی عیراق دەكات و دەڵێت، ئەگەر كارێك نەكەن، هێرشی میلیشیاكانی سەر بە ئێران دژی ئەمریكا لە عیراق بووەستێنن، ئەوا واشنتن باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا دادەخات.
بە گوێرەی میدیای ئەمریكی، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، گوشارەكانی بۆ سەر كابینەكەی مستەفا كازمی زیاتركردووە، بۆ كۆتاییهێنان بە هێرشەكانی سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عیراق.
پۆمپیۆ هۆشداری داوەتە سەرۆكوەزیرانی عیراق، بەوەی كە ئەگەر لە ئاست هێرشەكانی ئەو گرووپە چەكدارانەی كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن دژی ئەمریكا لە عیراق نەجووڵێتەوە، ئەوا ئەمریكا باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا دادەخات.
بە گوێرەی میدیای ئەمریكا، گوشارەكانی پۆمپیۆ، كازمی خستۆتە بارودۆخێكی سەخت كە تاوەكو ئێستا وەك كەسێك دەركەوتووە كە جێگەی خواستی ئیدارەی ترەمپە.
میدیای ئەمریكی دەنووسن، كازمی دەیەوێت توانای هێزەكانی نزیك لە ئێران سنووردار بكات، بەڵام لەوانەیە ئەو هەنگاوە دواجار بە كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەكەی بشكێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، وەك سەركەوتنێك بۆ ئێرانییەكان و هاوپەیمانەكانی لە عیراق دادەنرێت، بەڵام وەك میدیای ئەمریكی دەڵێن، دەكرێت ئەو داخستنە دەستپێكێك بێت بۆ دەستپێكردنی هێرشە سەربازییەكانی ئەمریكا بۆ سەر گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران لە عیراق.
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر بڵاویكردۆتەوە، چەند رۆژێك پێش ئێستا سەرۆككۆماری عیراق، لەگەڵ ژمارەیەكی بەرچاو لە سەركردە سیاسی و سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆبۆتەوەو بە گوێرەی سەرچاوەیەكی بەشدار لە كۆبوونەوەكە، سەرۆككۆمار بە بەشداربووانی كۆبوونەوەكەی راگەیاندووە كە نامەیەكی لە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەدەستگەیشتووە و تێیدا هۆشداری بە عیراق دراوە كە ئەگەر هێرشەكان دژی ئەمریكا لە عیراق نەوەستن، ئەوا باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا دادەخات و هەموو میلیشیاكان-یش دەكاتە ئامانج.
دوای كۆبوونەوەكە، گفتوگۆیەكی تووند دروستبووە كە لەنێوان فالح فەییاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و هادی عامری، سەرۆكی فراكسیۆنیی هاوپەیمانیی فەتح لە لایەك و گرووپێك لە سەركردەی ئەو "میلیشیایان"ە بووە كە پاڵپشتی لە هێرش بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی رۆژئاوایی دەكەن.
فەییاز و عامری داوایان لە سەركردەكانی ئەو گرووپانە كردووە هێرشەكانیان بووەستێنن، چونكە ئەمریكا دەستیكردووە بە كشاندنەوەی سوپاكەی لە عیراق و ئاماژەیان بەوەشكردووە، دەكرێت هەنگاوەكەی ئەمریكا شتی جیاواز لەخۆی بگرێت، لەوانەش بۆردوومانكردنی بنكە و بارەگاكانی گرووپە چەكدارەكانی حەشد.
هاوكات، وادیارە فەییاز و عامری ترسی ئەوەیان هەیە لەلایەن ئەمریكاوە سزابدرێن، بەتایبەتی لەم كاتەدا كە پێگەی كازمی لە عیراق بەهێزتر دەبێت و پاڵپشتیشی لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە زیاتر دەبێت، ئەوەش لە هەنگاوەكانی بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو گرووپانەی لەژێر دەسەڵاتی حكومەتدا نیین.
وەك هەنگاوێكیش بۆ پەیامەكەی ئەمریكا، هاوپەیمانیی فەتح راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و سەركۆنەی تەواوی ئەو هێرشانەی كرد كە دەكرێنەسەر كاروانە سەربازییە بەریتانی و ئەمریكییەكان و داوایكرد ئەركی هێز و وڵاتانی بیانی لە عیراق بپارێزرێت.
هاوكات فالح فەییاز راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و سەركۆنەی هەر هێرشێكی كرد كە بەناوی حەشدی شەعبییەوە ئەنجامدەدرێن و رایگەیاند، حەشد هێزێكی ئەمنیی یاساییە و لەژێر كۆنترۆڵی تەواوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندایە. رۆژی 24ی مانگیش فەییاز دوو بەرپرسی باڵای حەشدی لە پۆستەكانیان دوورخستەوە و كەسانی دیكەی لە شوێنیان دانا.
لە ساڵی 2008ـەوە رێككەوتنێكی ئەمنیی ستراتیژی لەنێوان ئەمریكا و عیراق هەیە كە بە رێككەوتنی سۆفا ناسراوە، لە رێگەی ئەو رێككەوتنەوە جێگیربوونی هێزە سەربازییە ئەمریكییەكان لەسەر خاكی عیراق رێكخراوە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو