رۆژنامەیەك رەخنە لە داواكارییەكی عەلی سیستانی دەگرێت

  2020-09-27 11:27      123 جار بینراوە        کۆمێنت

رۆژنامەی كەیهان-ی سەر بە رێبەری باڵای ئێران، رەخنە لە داواكارییەكی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق دەگرێت كە دوایكردووە نەتەوە یەكگرتوەكان سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عیراق بكات كە بڕیارە 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
حسێن شەریعەتمەدار، بەڕێوەبەری رۆژنامەی كەیهان كە لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لەو پۆستەدا دەستنیشانكراوە، لە دوایین ژمارەی رۆژنامەكەدا وتارێكی بڵاوكردۆتەوە، لەو وتارەدا رەخنە لە داوكارییەكی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق دەگرێت بۆ سەرپەرەشتیكردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكان و باوەڕیوایە ئەو داواكارییە لەگەڵ پێگەی سیستانی و پێگەی عیراق وەك وڵاتێكی سەربەخۆ یەكناگرێتەوە و پەسەندكراو نیە.
لەبەشێكی وتارەكەدا هاتووە، داواكردن لە نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ ئەوەی سەرپەرشتی هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا بكات، ئەوە راگەیاندنی مایەپوچی و متمانە نەبوونە بە گەل، هەروەها پشت بەستنە بە خەڵكی بیانی كە سیستانی لەهەردوو حاڵەتەكەدا بێ بەریە لەهۆكارەكان و بەرپرسیار نیە.
بەڕێوەبەری رۆژنامەی كەیهان ئەوەشی خستەڕوو، نەتەوە یەكگرتوەكان هۆكارێك نیە بۆ ئاشتی جیهانی، بەڵكو هۆكارێكە بۆ فشارخستنەسەر وڵاتان و لەلایەن ئەمریكا، وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی بەكاردەهێنرێت.
لەكۆتایی وتارەكەیدا حسێن شەریعەتمەدار باسی لەوەكردووە، ئەو لەو باوەڕەدا نیە كە سیستانی داوایەكی لەو شێوەی لە نەتەوە یەكگرتوەكان كردبێت و نوسینگەكەی لەم پرسەدا ورد نەبوون، بۆیە داوكارم ئەو راگەیەنراوە راستبكرێتەوە.
هاوكات، 13ی ئەم مانگە، نوسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق بەیاننامەیەكی لەبارەی كۆبوونەوەی سیستانی و جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عیراق بڵاوكردەوە و رایگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق كە بڕیارە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت گرنگی زۆری هەیە و پێویست دەكات سەرجەم رێنمایی و رێكارەكان بۆ بەڕێوەچوونی پیشەیانەی پرۆسەكە بگیرێنەبەر، بۆ ئەوەی هانی هاووڵاتیان بدرێت بە گەرموگوڕی بەشداری بكەن، بۆیە پێویستە هەڵبژاردنەكان بەیاسایەكی دادپەروەرانە كە دوربێت لە بەرژەوەندی بەشێك لە هێزە سیاسییەكان و بەهەماهەنگی نەتەوە یەكگرتوەكان بەڕێوەبچێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، هەڵبژاردنی پێشوەخت پێدانی دەرفەتە بە هاووڵاتیان، بۆ ئەوەی بە ئازادی و دوور لەفشار نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن، نوێنەرانێك كە شایستە بن و كار بۆ چارەسەری كێشەكان بكەن، بەپێچەوانەوە جێبەجێنەكردنی ئەو پێشمەرجانە وادەكات هەڵبژاردنی پێشوەخت كێشەكان ئاڵۆزتر بكات و هەڕەشە لەسەر داهاتووی وڵات و رۆڵەكانی دروست دەكات.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو