سەرۆك وەزیرانی بریتانیا: پێویستە وڵاتانی جیهان یەكڕیزبن لە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا

  2020-09-27 12:38      140 جار بینراوە        کۆمێنت

سەرۆك وەزیرانی بریتانیا، لە پێنج خاڵدا پلانی داهاتووی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەخاتەڕوو و داواش لە سەركردەكانی جیهان دەكات كە یەكبگرن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا.
بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بریتانیا لەمیانەی وتارێكدا لە كۆنگرەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان رایگەیاند، وڵاتەكەی كە بەهۆی كۆرۆناوە زیانێكی زۆری لێكەوتووە، بڕیاریداوە پاڵپشتییە داراییەكانی بۆ رێكخراوی تەندروستی جیهانی بە بڕی 400 ملیۆن دۆلار زیادبكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە دوای روخانی بورجی بابل تا ئێستا مێژویی مرۆڤایەتی كارەساتی هاوشێوەی كۆرۆنای بەخۆیەوە نەبینیوە، پێویستە وڵاتانی جیهان یەكڕیزبن لە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و دووبەرەكییەكانیان وەلابنێن و هەوڵ بدەن پێداویستییە پزیشكیەكان دادوەرانە بەسەر جیهاندا دابەش بكەن.
باسی لەوەشكرد، زیاتر لە نۆ مانگە كۆرۆنا بە جیهاندا بڵاوبۆتەوە، بەڵام نەیتوانیوە تێڕوانینی وڵاتان بگۆڕێت و هێزەكانی جیهان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنە هاوبەشەكەیان كە كۆرۆنایە یەكببگرن، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە مرۆڤایەتی دەستبەرداری ئەو دووبەرەكییە ناشرینەی نێوانیان بێت.
سەرۆك وەزیرانی بریتانیا پەیمانیدا وڵاتەكەی سەرۆكایەتیكردنی كۆمەڵەی G7 بەكاربهێنێت، تا بتوانێت بەهۆیەوە جیهان یەكبخات.
لەو وتارەدا جۆنسن پلانی دروستكردنی تۆڕێكی جیهانی بۆ دیاریكردنی هۆكاری تووشبوون بە ڤایرۆسەكە و چۆنێتی گواستنەوە و بەهێزكردنی رێكارەكان بۆ پەرەپێدانی ڤاكسین و چارەسەری كۆرۆنا و داڕشتنی چەندین پڕۆتۆكۆڵی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا خستەڕوو.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو