ئەمریكا، پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران، هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی جیهان

  2020-09-27 12:56      106 جار بینراوە        کۆمێنت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران تا ئێستا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی نێودەوڵەتی، دەشلێت، تاران تواناكانی خۆی رۆژ لە دوای رۆژ لە پیتاندنی یۆرانیۆم زیاددەكات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرایكرد، لەدوای ئەوەی 18 ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی 2002، ئاشكراكرا كە ئێران بەشێوەیەكی نهێنی چالاكی ئەتۆمی لە وڵاتەكەی ئەنجامدەدات، پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران بووە بە سەرچاوەی نادڵنیاییەكی زۆر بۆ سەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی ئەو زانیاریانەی كە پێیان گەیشتووە، تاران رۆژ لە دوای رۆژ تواناكانی خۆی لە  پیتاندنی یۆرانیۆم پەرەپێدەدات و دەیەوێت بەكاریبهێنێت لە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی، ئەوەش پێشێلكارییە لە مەرجەكانی رێككەوتننامەی رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.
هەریەك لە وڵاتانی ئەمریكا، ئیسرائیل و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا، ئێران وەك هەڕەشەیەكی گەورە بۆ ئاسایشی ناوچەكە دەبینن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بەردەوام جەخت لەوە دەكاتەوە كە بەهۆی مەترسییەكانی گەشەكردنی چەك و جبەخانەی ئێران لەساڵی 2018 لە رێككەوتننامەی ئێران و وڵاتانی كاریگەری جیهان كشاوەتەوە.
لە بەرامبەردا دوێنێ شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی تۆمەتەكانی وڵاتانی رۆژئاوای دایەوە و رایگەیاند، ئیسرائیل بە جبەخانەیەكی گەورەی چەكی ئەتۆمییەوە مایەی هەڕەشە و مەترسی گەورەیە بۆ ناوچەكە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو