ئاڵۆزییەكانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا بەردەوامە

  2020-09-28 22:10      163 جار بینراوە        کۆمێنت

دوا بەدوای هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، حكومەتی توركیا بەناردنی هێزی سەربازیی بۆ ئازەربایجان و دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەكە، تۆمەتبار دەكرێت.
فاردان توگانیان باڵیۆزی ئەرمینیا لەڕوسیا رایگەیاند: بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان، حكومەتی توركیا نزیكەی ٤ هەزار چەكداری لەباكووری سوریاوە بەرەو ئازەربایجان گواستووەتەوەو بەنیازە لەڕۆژانی داهاتوودا، سەدان چەكداری تری میلیشیاكانی سوریا، رەوانەی ئەو وڵاتە بكات.
پێشتریش، روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردبووەوە، یەكەم كاروانی گروپە چەكدارەكانی سوریا كە لەلایەن توركیا هاوكاری دەكرێن، گەیشتوونەتە ئازەربایجان، روونیشیكردەوە، لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا چەكدارەكانی سوریا لەشاری عەفرینەوە چوونەتە ناو خاكی توركیاو پاشان رەوانەی ئازەربایجان كراون.
ناوچەی ناگۆرنۆ قەرەباغ خاڵی رووبەڕووبوونەوە سەربازییەكانی نێوان حكومەتی ئازەربایجان و ئەرمینیایەو بەهۆی شەڕو پێكدادانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووش، دەیان سەرباز لەسوپای هەردوولا، كوژراون.
حكومەتی توركیا كە پێشتر تۆمەتبار كراوە بەدەستوەردان لەكاروباری ناوخۆی وڵاتان، لەماوەی ڕابردوودا میلیشیاكانی سوریای رەوانەی لیبیا كردووەو چەندین ئۆپراسیۆنی سەربازیی لەناو خاكی سوریاش ئەنجامداوە، لەعیراقیش بەردەوامە لەبۆردومانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆمكاری عەرەبیش لەچەندین بۆنەدا داوای لەئەنقەرە كردووە، سەروەری خاكی عیراق و سوریاو لیبیا، پێشێل نەكات.
بەپێی میدیاكان، رۆژی دوو شەممە زیاتر لە ٣٠ سەربازی سوپای ئەرمینیا لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە كوژراون و سەدانی تریش بریندار بوون.
سەبارەت بەدوایین پێشهاتەكانیش، نیكۆل باشینیان سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا، توركیای بەدەستوەردان لەكاروباری ناوخۆی وڵاتەكەی و هاوكاریكردنی حكومەتی ئازەربایجان، تۆمەتبار كرد. هۆشداریشیدا لەهەڵگیرسانی جەنگێكی فراوان لەباشووری ناوچەی قەوقازدا، داواشی لەكۆمەڵی نێودەوڵەتی كرد رێگە لەدەستوەردانەكانی توركیا بگرن.
لەكوردسات نیوز وەرگیراوە...

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو