جه‌نگاوه‌رێكی‌ سوری‌ چۆنیه‌تی‌ رۆیشتنی‌ بۆ جه‌نگه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌
چی‌ له‌باره‌ی‌ جه‌نگیی‌ ئه‌رمینیا-ئازه‌ربایجانه‌وه‌ ده‌زانیت؟

  2020-09-30 16:27      234 جار بینراوە        کۆمێنت
په‌یتا په‌یتا خێزانه‌ سورییه‌كان هه‌واڵی‌ كوژرانی‌ كوڕه‌كانیان له‌ ئازه‌ربایجان پێده‌گات

"نه‌مده‌زانی‌ ده‌چین بۆ شه‌ڕ" به‌م وشانه‌، عه‌بدوڵا كه‌ ناوی‌ خوازراوی‌ جه‌نگاوه‌رێكی‌ سورییه‌ له‌ ئازه‌ربایجان، ده‌ستی‌ به‌قسه‌كردن كرد بۆ " بی‌ بی‌ سی‌"، له‌ڕێی‌ ناردنی‌ نامه‌وه‌.
یه‌كشه‌ممه‌ی‌ رابردوو 27ی‌ ئه‌یلول، شه‌ڕ له‌نێوان سوپای‌ هه‌ردوو وڵاتی‌ دراوسێ‌ ، ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان ده‌ستیپێكرده‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ ماوه‌ی‌ چوار ساڵ به‌ره‌كانی‌ جه‌نگی‌ نێوانیان له‌ هه‌رێمی‌ ناگۆرنۆ كه‌ره‌باخ خامۆش بوو.
هه‌رێمی‌ ناگۆرنۆ كه‌ره‌باخ، هه‌رێمێكی‌ جێی‌ ململانێیه‌ له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتی‌ ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان. له‌ سه‌رده‌می‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌تدا جۆرێك ئارامی‌ باڵی‌ به‌سه‌درا كێشابووه‌، ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌، چه‌ند سه‌ده‌یه‌كه‌ هه‌ر ناكۆكی‌ له‌سه‌ره‌.
هه‌رێمه‌كه‌ له‌سه‌رده‌می‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سۆڤیه‌تدا زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ئه‌رمه‌نی‌ بوون، هه‌ر بۆیه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ كۆماری‌ ئازه‌ربایجاندا كه‌ ئه‌ویش به‌شێك بوو له‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت، ناگۆرنۆ كه‌ره‌باخ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ ئۆتۆنۆمیی‌ وه‌رگرتبوو، به‌ڵام له‌دوای‌ هه‌ره‌سهێنانی‌ سۆڤیه‌ت له‌ساڵی‌ 1991، دانیشتوانی‌ هه‌رێمه‌كه‌ داوایان كرد ببنه‌ به‌شێك له‌ كۆماری‌ ئه‌رمینیا، ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن ئازه‌ربایجانه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌‌و به‌و ‌جۆره‌ش جه‌نگ له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا ده‌ستیپێكردو 30 هه‌زار كه‌س له‌ هه‌ردوولا كوژران.
دواتر‌ به‌هۆی‌ رێككه‌وتننامه‌یه‌كه‌وه‌، ئاگربڕ له‌نێوان سوپای‌ هه‌ردوو وڵاتدا راگه‌یه‌ندراو ره‌وشه‌كه‌ تا ساڵی‌ 2016 هێوربووه‌وه‌، به‌ڵام له‌و ساڵه‌دا دیسان ئاگری‌ ململانێی‌ نێوان ئازه‌رییه‌ موسڵمانه‌ شیعه‌كان‌و ئه‌رمه‌نییه‌ مه‌سیحییه‌كان‌ جه‌نگێكی‌ دیكه‌ی‌ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ده‌وروبه‌ری‌ 100 كه‌س له‌ هه‌ردوولا كوژران كه‌ دواتریش به‌ ئاگربڕ و ئاشتییه‌كی‌ له‌رزۆك دۆخه‌كه‌ ئارام بووه‌وه‌، وه‌لێ‌‌ یه‌كشه‌ممه‌ی‌ رابردوو سه‌رله‌نوێ‌ جه‌نگ له‌ هه‌رێمه‌ ناكۆكی‌ له‌سه‌ره‌كه‌دا به‌رپابووه‌وه‌.
هه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ڵایسانی‌ ئه‌م گه‌ڕه‌ی‌ جه‌نگه‌كه‌دا، باس و خواسی‌ به‌شداریی‌ جه‌نگاوه‌ سورییه‌كانی‌ لایه‌نگری‌ توركیا له‌و جه‌نگه‌ بڵاوبووه‌، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له‌ ئیلهام عه‌لییف سه‌رۆكی‌ ئازه‌ربایجان‌و حكومه‌تی‌ توركیاوه‌ هه‌واڵه‌كه‌ ره‌تكرایه‌وه‌، هه‌ردوولا جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ توركیا ته‌نها له‌ڕووی‌ مه‌عنه‌وییه‌وه‌ پشتیوانی‌ ئازه‌ربایجان ده‌كات.
له‌به‌رانبه‌ردا، رامی‌ عه‌بد‌ولڕه‌حمان سه‌رۆكی‌ روانگه‌ی‌ سوریا بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ، جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ باكووری‌ سوریا كه‌ له‌لایه‌ن توركیا پشتیوانی‌‌و چه‌كدار ده‌كرێن چه‌ندین كاروانی‌ چه‌كداریان ره‌وانه‌ی‌ ئازه‌ربایجان كردووه‌ كه‌ پرۆسه‌كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی‌ توركیا ئه‌نجامدراوه‌.
رامی‌ عه‌بد‌ولڕه‌حمان ئاشكرایكرد كه‌ چه‌كدارانی‌ سه‌ر به‌ هه‌ردوو گرووپی‌ سوڵتان موراد‌و شا سڵێمان كه‌ زۆرینه‌یان به‌ڕه‌گه‌ز توركمانی‌ سوریان ره‌وانه‌ی‌ ئازه‌ربایجان كراون.
هاوكات حكومه‌تی‌ ئه‌رمینیا، توركیای‌ به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد كه‌ نزیكه‌ی‌ چوار هه‌زار چه‌كداری‌ سوری‌ ره‌وانه‌ی‌ به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ كردووه‌ له‌ سنووری‌ هه‌رێمی‌ ناگۆرنۆ كه‌ره‌باخ.
قسه‌كانی‌ عه‌بدوڵا كه‌ بۆ تۆڕی‌ هه‌واڵه‌كانی‌ " بی‌ بی‌ سی‌" كردووه‌، راستی‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن كه‌ توركیا هه‌روه‌ك چۆن چه‌كداری‌ سوری‌ ره‌وانه‌ی‌ خۆرئاوای‌ لیبیا كردووه‌، بۆ به‌شداری‌ له‌جه‌نگی‌ نێوخۆیی‌ ئه‌و وڵاته‌، به‌هه‌مان شێوه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ناردنی‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ سوریا ده‌كات‌ بۆ ئازه‌ربایجان.
به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ بی‌ بی‌ سی‌، 90% ی‌ دانیشتوانی‌ باكووری‌ سوریا ناتوانن شتومه‌ك‌و كاڵا و پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ژیانیان دابین بكه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌ به‌ر خراپی‌ باری‌ دارایی‌‌و گوزه‌رانیان، به‌هۆی ئه‌و جه‌نگه‌ نێوخۆییه‌ی‌‌ سوریا كه‌ زیاتر له‌ هه‌شت ساڵه‌ درێژه‌ی‌ هه‌یه‌.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ر چه‌كدارێكی‌ سوری‌ ئه‌گه‌ر بچێت بۆ جه‌نگی‌ ئازه‌ربایجان مانگانه‌ 2000 دۆلار وه‌رده‌گرێت.
عه‌بدوڵاش یه‌كێكه‌ له‌و گه‌نجانه‌ی‌ سوریا كه‌ باری‌ گرانی‌ گوزه‌رانی‌ خۆی‌‌و خێزانه‌كه‌ی‌ ناچاری‌ ده‌كات به‌دوای‌ په‌یداكردنی‌ پاره‌دا بگه‌ڕێت.
عه‌بدوڵا كه‌ وه‌كو زۆربه‌ی‌ هاوڕێكانی‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 17-30 ساڵاندایه‌، پێشتر مه‌شق‌و راهێنانی‌ سه‌ربازی‌ نه‌كردووه‌، ده‌یگێڕێته‌وه‌: هه‌فته‌ی‌ رابردوو، له‌ توركیاوه‌ گوێزراینه‌وه‌ بۆ ئازه‌ربایجان، له‌وێ‌ جلوبه‌رگی‌ ئازه‌ریان پێداین‌و له‌ خاڵێكی‌ پاسه‌وانیدا جێگیركراین، ئه‌و كاته‌ی‌ ئێمه‌ رۆیشتین شه‌ڕ ده‌ستیپێنه‌كردبوو، ده‌نگوباسی‌ جه‌نگ له‌ئارادا نه‌بوو.
باس له‌وه‌شده‌كات كه‌ زۆربه‌ی‌ هاوڕێكانی‌ له‌و كه‌سه‌ مه‌ده‌نییانه‌ن كه‌ هیچ مه‌شق‌و راهێنانێكی‌ سه‌ربازیان پێنه‌كراوه‌، هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی‌ شه‌ڕ تووشی‌ شۆك بوون.
ئه‌و باس له‌ ساته‌كانی‌ یه‌كه‌می‌ ده‌ستپێكردنی‌ شه‌ڕ ده‌كات‌و ده‌ڵێت: هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان زانی‌ بۆردوومان كراین، ئێمه‌ش له‌ چه‌كی‌ كڵاشینۆف زیاتر هیچ چه‌كێكی‌ قورسمان پێ نییه‌... له‌ سه‌ره‌تای‌ شه‌ڕه‌كه‌دا چوار كه‌سمان لێ كوژراو چه‌ند كه‌سێكیشمان برینداربووین، به‌شێك له‌ هاوڕێكانمان ده‌ستیان كرد به‌ گریان.
سه‌رچاوه‌ خۆجێیه‌كان، ئه‌وه‌یان بۆ " بی‌ بی‌ سی‌" ئاشكراكردووه‌ كه‌ په‌یتا په‌یتا خێزانه‌ سورییه‌كان هه‌واڵی‌ كوژرانی‌ كوڕه‌كانیان له‌ ئازه‌ربایجان پێده‌گات.
عه‌بدوڵا ئه‌وه‌شی‌ ئاشكراكردووه‌ كه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ لێدوانه‌كه‌ی‌ بۆ " بی‌ بی‌ سی‌" داوه‌، زیاتر له‌ 10 كه‌سیان لێ‌ كوژراوه‌" زۆربه‌مان داوای‌ ئه‌وه‌مان كرد بمانگێڕنه‌وه‌ بۆ سوریا، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌یان لێكردین ئه‌گه‌ر سوورین بین له‌سه‌ر داواكانمان، ئه‌وا زیندانمان ده‌كه‌ن".
عه‌بدوڵاو هاوڕێكانی‌ كه‌ بۆ په‌یداكردنی‌ بژێویی‌ خۆیان‌و خێزانه‌كانیان بوونه‌ته‌ قوربانی‌ جه‌نگێكی‌ نێوان دوو وڵاتی‌ دوور له‌ خۆیان، له‌ئێستا سوپاسگوزارن كه‌ بێ‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك، ته‌نها به‌سه‌ڵامه‌تی‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو خێزانه‌كانیان، وه‌لێ‌‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت" له‌ئێستادا ئێمه‌ وه‌ك دوورخراوه‌گه‌لێك واین‌و ناتوانین بگه‌ڕێینه‌وه‌".

سه‌رچاوه‌: بی‌ بی‌ سی‌
وه‌رگێڕان‌و داڕشتنه‌وه‌ی‌: فه‌ریق حه‌بیب

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو