لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ن
لیژنه‌یه‌كی‌ ئه‌منی‌ له‌به‌غداوه‌ گه‌یشته‌ موسڵ

  2020-10-01 15:11      100 جار بینراوە        کۆمێنت
وێنه‌ی‌ ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی‌ مووشه‌كه‌كانی‌ له‌سه‌ره‌وه‌‌ هاوێژراون

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 1ی‌ ته‌شرینی‌ یه‌كه‌م، لیژنه‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ به‌رگری‌‌و ناوخۆی‌ عیراق، ده‌ستیانكرد به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوی‌ هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی‌ شه‌وی‌ رابردووی‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێر.
له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ لیژنه‌یه‌كی‌ وه‌زاری‌ پێكهاتوو له‌ هه‌واڵگری‌‌و هه‌واڵگری‌ سه‌ربازی‌‌و ئاسایشی‌ نیشتمانی‌‌و سوپای‌ عیراق گه‌یشتوونه‌ته‌ باره‌گای‌ لیوای‌ 30 ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌ سنووری‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا، به‌ئامانجی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی‌ شه‌وی‌ رابردوو.
شه‌وی‌ رابردوو، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند مووشه‌كێك ئاراسته‌ی‌ ده‌وروبه‌ری‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌ولێر كران‌و به‌هۆیه‌وه‌ پووش‌و پاوانی‌ ناوچه‌یه‌كی‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌كه‌ ئاگری‌ تێبه‌ربوو، وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، راگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌.
له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆدا هاتووه‌:
"کاتژمێر  8:30 ی ئەم ئێوارەیە، شەش موشەک بە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هاوێژران کە خۆشبەختانە هیچ ئامانجێکیان نەپێکاوە و هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە. موشەکەکان لە سنووری (برگلە) لە نێوان گوندەکانی شیخ ئەمیر و تەرجلە لە سەر پیکابێک هاوێژراون. ئەم دەڤەرەش دەکەوێتە سنووری لیوای 30 حەشدی شەعبی.  تیمە تایبەتەکانی ئێمە خەریکی لێکولینەوەی وردن بۆ بە دەستهێنانی زانیاری زیاتر.
لە کاتێکدا بە توندترین شێوە ئەم هێرشە تێرۆریستیە ترسنۆکانەیە ئیدانە دەکەین، لە هەمانکاتدا ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ بەرپەچدانەوەی هەر دەستدرێژیەک. داواش لە حکومەتی فدرالی دەکەین دەست بە جێ  ئیجرائاتی پێویست وەربگرن".

ئاماده‌كردنی‌: رێباز فه‌ریق

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو