یەكێتی ئەوروپا هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا دەكات

  2020-10-16 19:42      122 جار بینراوە        کۆمێنت

دەستوەردانەكانی توركیا لەكاروباری وڵاتانی ناوچەكە تا دێت زیاتر دەبێت ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپاش دوا هۆشداری دەدەنە توركیا كە دەستوەردانە سەربازییەكانی لە لیبیاو سوریاو قەرەباغ رابگرێت و كۆتایی بەپێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتیەكان لەدەریای ناوەڕاست بهێنێت.
لەپەیامێكی ئاشكرادا سەركردەكانی ئەوروپا هۆشداریان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیادا كە لەململانێكانی سوریاو لیبیاو قەرەباغدا تێوەگلاوەو هاوكاری و دەستوەردانە سەربازییەكانی زیاتر رەوشی ئەو ناوچانەی تێكداوە، ئاماژەشیان بەوەكردووە ئەگەری هەیە لەكۆبوونەوەكانی خولی دووەمی لوتكەی وڵاتانی ئەوروپا پرسی سزادانی چەندین بەرپرسی توركیا كە لەو سیاسەتانەوە تێوەگلاون باس بكرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە لەماوەی رابردوودا چەندینجار بەرپرسانی ئەوروپا بەتایبەت ئیمانێۆڵ ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا هۆشداریان بەتوركیا داوە لەبەرامبەری پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتیەكان لەئاوەكانی دەریای سپی ناوەڕاست كە لەئێستادا ئاڵۆزییەكانی یۆنان و توركیای بۆ ئاستێكی باڵا بەرز كردووەتەوە.
لەلایەكی ترەوە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، توركیای تۆمەتبار كرد بەزیاتركردنی ئاڵۆزییەكان لەقەرەباغ و رایگەیاند: پێویستە كێشەكانی قەرەباغ بە گفتوگۆو دانوستاند چارەسەر بكرێت نەك لەڕێگەی چەكەوە، وتیشی: بەدڵنیاییەوە لەگەڵ لایەنی سێیەمدا نین بۆ ئاڵۆزكردنی كێشەكان.
پۆمپیۆ لەچاوپێكەوتنێكدا وتی: رەوشی قەرەباغ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ مەترسیدار دەبێت و دابینكردنی سەرچاوەی جەنگی لەلایەن توركیاوە بۆ ئازەربایجان و ناردنی چەكداری سوری بۆ ئەو وڵاتە كێشەكان نەك چارەسەر ناكات بەڵكو ئاڵۆزتر دەبێت.
پۆمپیۆ جەختی كردەوە، كە ئەو ململانێیە درێژخایەنە چەندین ساڵە بەردەوامەو دەبێت تەنها بەدانوستانی ئاشتیانە چارەسەربكرێت و لەڕێگای چەكەوە نەبێت، هەروەها وتی: هیوادارین ئەرمەنییەكان بتوانن لەبەرامبەر ئەو كارەی ئازەربایجان دەیكەن، بەرگری بكەن و تا ئەو كاتەی ئاگربەست ڕادەگەیەنرێت، دواتر هەوڵدەدەین ئەو كێشە مێژووییە ئاڵۆزە لەسەر مێزی دانوستاند چارە بكەین.
پێشتر نیكۆڵ باشینیان سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی سپێوتنیگی ڕوسی رایگەیاندبوو بەڵگە هەیە كە توركیا لەسوریاوە چەكدار ڕەوانەی قەرەباغ دەكات، چونكە ئازەربایجان ناتوانێت لەو ناوچەیە ڕووبەڕوومان بێتەوە بەبێ‌ بەشداری لایەنێكی دەرەكی، باشینیان ئەوەشی وت، كە پلانەكانی توركیاو ئازەربایجان بۆ ئەوەی دەستبەسەر قەرەباغدا بگرن تا ئێستا شكستی هێناوە.
سەرچاوە: كوردسات نیوز

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو