گەورەترین هەوڵی قاچاخچێتی دەرمان لە خانەقین پوچەڵكرایەوە

  2020-10-17 09:35      118 جار بینراوە        کۆمێنت

پۆلیسی پارێزگای دیالە رایگەیاند، گەورەترین هەوڵی قاچاخچیەتی دەرمانیان لە نزیك شاری خانەقین پوچەڵكردۆتەوە كە مەبەستیانبووە 19 بارهەڵگر دەرمان، لە ئێرانەوە هاوردەی عیراق بكرێت.
بەپێی زانیاری میدیا عیراقییەكان، ئەو دەرمانانە لە سنووری قەزای خانەقینەوە هێنراونەتە پارێزگای دیالە و بە وتەی پۆلیسی پاریزگای دیالە چەند بارهەڵگرێكیان خۆیان نەداوە بە دەستەوە و بە زەبری هێز وەستێندراون.
ئەوە لە كاتێكدایە بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاشكرایكردووە، پێشتر ئەو دەرمانانە لە ئێران كڕاون و خۆیان بە یەكەوە رەوانەی عیراقیان كردووە و نەیان ویستووە بەبێ گومرگ بچێتە ناو خاكی عیراقەوە.
بەپێی زانیارییەكانی پۆلیسی پارێزگای دیاكە، بەهای ئەو 19بارهەڵگرە دەرمانە سەدان هەزار دۆلار بووە و لە رێگەی گەیشتن بە خانەقین ئاشكرابوون و دەستگیركراون.
ئەم پرسە هەر لێرەدا كۆتایی نەهاتووە، بەڵكو دەستبەسەرداگرتنی دەرمانەكان بەشێكی زۆر ئێرانییەكانی نیگەران كردووە، ئێرانییەكان دەڵێن، حكومەت بە هاووڵاتییان دەڵێت، بەهۆی فشارەكانی ئەمریكاوە ناتوانرێت دەرمانی پێویست دابینبكرێت، كەچی دەیان تۆن دەرمان لە ئێرانەوە دەبرێتە عیراق.
لەسەر ئەم رووداوە عەلیرەزا وەهابزادە، راوێژكار لە وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاندووە، ئێمە دڵنیاین كە دەرمانەكان لە كۆگایەك بارنەكراوە، بەڵكو بەپێی رەچەتەی دكتۆر كڕدراون و پاشان كۆكراونەتەوە و براونەتە عیراق.
ئەو راوێژكارە ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆمەڵێك دەرمان لە ئێران هەرزانە و لە وڵاتانی دراوسێ بە بەهایەكی گرانتر دەخرێتە بازاڕەوە.
پۆلیسی دیالە لەبارەی چۆنیەتی و بڕی پاكەتە دەرمانەكانەوە زانیاری نەداوە و ئاشكرایكردووە، تا دەرچوونی لیژنەی پزیشكی ناتوانرێت بوترێت ئەم دەرمانانە بۆچ نەخۆشییەكە یان بۆ ئامانجی دیكە هێندراونەتە عیراقەوە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو