په‌رله‌مانتارێكی‌ عیراق بۆ PUKNOW: زه‌حمه‌ته‌ كازمی‌ بتوانێت هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ ئه‌نجام بدات

  2020-10-21 15:54      180 جار بینراوە        کۆمێنت
بيناى په‌رله‌مانی‌ عیراق

له‌كاتێكدا مسته‌فا كازمی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق، جارێكی‌ تر دوێنێ‌ له‌ ئه‌ڵمانیا جه‌ختیكرده‌وه‌، هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ له‌ واده‌ی‌‌ خۆیدا له‌ 6ی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ داهاتوو ئه‌نجام ده‌درێت،په‌رله‌مانتارێكی‌ كورد له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق باوه‌ڕی‌ وایه‌ كه‌ زه‌حمه‌ته‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ كازمی‌ بتوانێت هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ ئه‌نجام بدات.
ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌دێت كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ به‌شێك له‌ فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كانی‌ عیراق، به‌ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن،‌ ئه‌سته‌مه‌ بتوانرێت ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ واده‌ی‌ خۆی‌ ئه‌نجام بدرێت‌و هێما ده‌كه‌ن بۆ دواخستنی‌، بۆ كوردیش ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌، پێویسته‌ ده‌نگده‌رانی‌ كورد له‌و شوێنانه‌ی‌ عیراق كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ تێدا نییه‌، ژیانی‌ ده‌نگده‌ران پارێزراو بێت.
رێزان شێخ دلێر، په‌رله‌مانتاری‌ كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق، له‌ لێدوانێكیدا بۆ PUKNOW گوومانی‌ خۆی‌ خسته‌ڕوو له‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عیراق بتوانێت پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ له‌ ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ داهاتوودا ئه‌نجام بدات، له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی‌: راسته‌ مسته‌فا كازمی‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ له‌واده‌ی‌ خۆیدا له‌ 6 ی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ داهاتوو بكرێت، به‌ڵام‌ هه‌ندێك پێداویستی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌یه‌ ده‌بێت دابین بكرێت ئینجا پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت، یه‌كێك له‌وانه‌ بایۆمه‌ترییه‌، كه‌ ده‌بێت هه‌موو ده‌نگده‌رێك بایۆمه‌تری‌ هه‌بێت، ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌، چونكه‌ زه‌حمه‌ته‌ بتوانرێت تا ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ داهاتوو، كارتی‌ بایۆمه‌تری‌ بۆ هه‌موو ده‌نگده‌رێك بكرێت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌نێو په‌رله‌مانی‌ عیراقدا، چه‌ندین دیدو تێڕوانین‌و هه‌روه‌ها چه‌ندین به‌رژه‌وه‌ندی‌ جیاجیای‌ دژ به‌یه‌ك هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌رچواندنی‌ یاسا له‌ په‌رله‌مان، به‌تایبه‌تی‌ یاسایه‌كی‌ گرنگی‌ وه‌ك یاسای‌ فیدراڵی‌ كاتێكی‌ زۆری‌ ده‌وێت.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ عیراق له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌لێت‌: یه‌كێكی‌ تر له‌كێشه‌كان دادگای‌ فیدراڵییه‌، كه‌ زۆر رۆڵی‌ گرنگی‌ هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن، ئاخۆ یایاسه‌كی‌ تری‌ بۆ ده‌رده‌كرێت یان ئه‌م یاسایه‌ی‌ ئێستا هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌. راستییه‌كه‌ی‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان تائێستا له‌سه‌ر بازنه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن رێكنه‌كه‌وتوون، ئیتر چۆن به‌ئاسانی‌ له‌سه‌ر دادگای‌ فیدراڵی‌ رێكده‌كه‌ون.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ عیراق، تیشك ده‌خاته‌سه‌ر هه‌ردوو لایه‌نی‌ دارایی‌‌و ئه‌منی‌ عیراق، وه‌ك دوو كۆڵه‌كه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی‌ هه‌ڵبژاردن‌و ده‌ڵێت: "دوو هۆكاری‌ تریش هه‌ن كه‌ زۆر یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردن، ئه‌وانیش باری‌ دارایی‌ عیراق‌و دۆخی‌ ئه‌منی‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ عیراق، ئاشكرایه‌ له‌ئێستادا عیراق به‌دۆخێكی‌ دارایی‌‌و ئابووری‌ خراپدا تێده‌په‌ڕێت، هه‌ڵبژاردنیش پێویستی‌ به‌بوودجه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ هه‌یه‌، ئاخۆ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ كازمی‌ ده‌توانێت پشتیوانی‌ دارایی‌ بۆ هه‌ڵبژاردن په‌یدابكات؟، له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ دۆخی‌ ئه‌منی‌ عیراق ناله‌باره‌و ئه‌سته‌مه‌ هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و سوپای‌ عیراق بتوانن بۆ كاتی‌ هه‌ڵبژاردن ژیانی‌ ته‌واوی‌ ده‌نگده‌ران بپارێزن، به‌دوور نازانرێت هه‌ندێ‌ جار به‌شێك له‌و هێزانه‌ خۆیان كێشه‌ بۆ خه‌ڵك درووست بكه‌ن".
له‌وه‌ڵامی‌ پرسیارێكی‌ PUKNOW دا، كه‌ ئه‌گه‌ر عیراق بتوانێت ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ چاره‌سه‌ربكات، ئاخۆ هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت؟ رێزان شێخ دڵیر وتی‌: ئه‌گه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مسته‌فا كازمی‌ بتوانێت له‌و ماوه‌ كه‌مه‌ی‌ كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن ماوه‌، هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌ چاره‌سه‌ربكات، ئه‌وا هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ ده‌كرێت، به‌ڵام به‌ڕای‌ ئێمه‌ زه‌حمه‌ته‌ بتوانرێت هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ربكرێن‌و ئاماده‌كاریی‌ بۆ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت.
له‌باره‌ی‌ تێڕوانینی‌ كورد بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌‌و ئایا كورد، پێی‌ باشه‌ پرۆسه‌كه‌ له‌ واده‌ی‌ خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت؟په‌رله‌منتاره‌كه‌ی‌ عیراق روونیكرده‌وه‌: ئێمه‌ وه‌كو كورد، گرنگه‌ به‌لامانه‌وه‌ ئاسایش‌و ئارامی‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌رێم مسۆگه‌ر بكرێت‌و هاوڵاتیانی‌ كوردی‌ ئه‌و ناوچانه‌ بێ‌ ترس‌و دڵه‌ڕاوكێ‌ بتوانن ده‌نگ بده‌ن، ئه‌گه‌ر نا هه‌ڵبژاردن له‌و ناوچانه‌ هیچ بایه‌خێكی‌ بۆ كورد نابێت.

ئاماده‌كردنی‌: رێباز فه‌ریق و تاڤان محه‌ممه‌د

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو