‎بریكاری وەزارەتی ناوخۆ: لەبڕیارەكانماندا ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان لەبەرچاودەگرین

  2020-10-24 23:20      125 جار بینراوە        کۆمێنت

بریكاری وەزارەتی ناوخۆ لەدیدارێكیدا لەگەڵ دامودەزگاو نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەكان لەدەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، رایدەگەیەنێت: هەركەس كێشەو ئاستەنگ دروستبكات رووبەڕووی یاسای دەكەینەوە.
ئەمڕۆ شەممە (24/10/2020) چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و فەرماندەی لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی و بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ و بەرێوەبەری پۆلیسی پێنجوێن و سەرۆكی سەندیكای شۆفێران لەباشماخ لەگەڵ ئەنجومەنی شۆفێرانی دەروازەكە كۆبووەوە.
لەكۆبونەوەكەدا بەوردی كێشەكانی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی (تاك و بارهەڵگری گەورە) گفتوگۆی لەسەر كراو دواتر ڕێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەركردنیان دیاریكرا، لای خۆشیەوە، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ بەجەختكردنەوە لەپێویستی جێبەجێكردنی خاڵە چارەسەرییەكان لەلایەن دامودەزگاو لایەنە پەیوەندیدارەكان  باسی لەوەكرد، لەهەموو هەنگاوو بڕیارەكانماندا بەرژەوەندی گشتی و ژیان و گوزەرانی ئێوەی شۆفێران و هاووڵاتیان لەبەرچاو دەگرین، وتیشی: رێگا بەهیچ كەس نادەین لەدەرەوەی یاساو رێوشوێنی كارگێڕی، دەستوەردان لەكاروباری دەروازە سنوورییەكان بكات، دەروازەی باشماخ-یش بەپێی یاساو بەڕێكەوتن و هەماهەنگی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران كارەكانی رێكخراوەو بەرێوەدەبرێت، بۆیە هەركەس كێشەو ئاستەنگ دروست بكات ڕووبەڕووی یاسای دەكەینەوە.
روونیشیكردەوە، دەبێت شۆفێران و كاسبكارانی دەروازەكانیش تەنها بەرژەوەندی كەسی خۆیان نەبینن و زیادەڕۆیی بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی نەكەن.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا شۆفێران و ئەنجومەنی شۆفێرانی دەروازەكە سوپاسگوزاری خۆیان بۆ بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم دەربڕی لەبەرامبەر بەدەنگەوەهاتن و چارەسەركردنی كێشەكانیان و بەڵێنی هەماهەنگیاندا بۆ باشتر جێبەجێكردنی رێكارەكان و ئەو بەرپرسیارێتیەی دەكەوێتە ئەستۆی شۆفێران.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو