تۆماش سێدلاچێک بۆ قوباد تاڵەبانی: ئامادەی هەمووجۆرە هاوكارییەكی ئابوورین

  2020-10-25 18:40      130 جار بینراوە        کۆمێنت

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ دکتۆر تۆماش سێدلاچێک گەورە ئابووریناسی جیهانی و کۆماری چیک کۆبووەوەو تاوتوێی چۆنیەتی بووژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستانیان کرد.
قوباد تاڵەبانی لەنووسینگەی خۆی پێشوازیکرد لەگەورە ئابووریناسی جیهانی و كۆماری چیك تۆماش سێدلاچێک كە لەسەر بانگهێشتی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ راوێژی ئابووری و ئەنجامدانی زنجیرەیەك دیدارو چالاكی هاتووەتە هەرێمی كوردستان. 
سەردانی ئەم ئابوریناسە كە خاوەنی چەند خەڵاتی نێودەوڵەتییە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی کۆماری چیک بووەو ئامانجی سەردانەکەش پێشكەشكردنی ڕاوێژە بەهەرێمی کوردستان لەبارەی چۆنییەتی فرەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات و پەرەپێدانی ئابووری و دووركەوتنەوە لە پشتبەستن بەنەوت وەك تاکە سەرچاوەی بودجە. 
لەکۆبوونەوکەدا کە ئەمڕۆ (یەكشەممە 25 تشرینی یەكەمی 2020) بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران دۆخی ئابووری هەرێم و پلان و ئامانجەکانی حکومەتی هەرێمی بۆ پێشخستنی ئابووری و فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی بۆ تۆماش سێدلاچێک روونکردەوە و بەگرنگییەوە باسی سوودوەرگرتن لەئەزموونی کۆماری چیکی کرد کە نموونەیەکی سەرکەوتوویان پێشکەشکردووە لەڕووی بووژانەوەو پەرەپێدانی ئابوورییەوە. 
لەلای خۆشییەوە تۆماش سێدلاچێک ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەخشینی بەرچاوڕوونی بەحکومەتی هەرێم بۆ چۆنیەتی گواستنەوەی ئەزموونی کۆماری چیک و وڵاتانی هاوشێوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە پشتبەستن بەتاکە سەرچاوە رزگاری بێت.
ئەم سەردانە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی جێگری سەرۆکی حکومەتدایە بۆ چۆنییەتی گواستنەوەی ئەزموونی وڵاتانی سەرکەوتوو کە هەر لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ چەندین وڵات لە هەوڵدایە بۆ گواستنەوەی ئەزموونی ئەو وڵاتانە لەڕووی کشتوکاڵ و حکومەتی ئەلیکترۆنی و چەندین بواری دیکەی حکومڕانی.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو