عه‌بادی‌ وه‌ڵامی‌ كتێبه‌كه‌ی‌ بارزانی‌ ده‌داته‌وه‌

  2020-10-28 15:36      411 جار بینراوە        کۆمێنت
حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووی‌ عیراق

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28ی‌ ته‌شریمی‌ یه‌كه‌م، هاوپه‌یمانی‌ نه‌سر كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووی‌ عیراق سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات، روونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ بڵاوكرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌شێك له‌ ناوه‌ڕۆكی‌ كتێبی‌ " بۆ مێژوو" كه‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌مدواییانه‌ ده‌ریكردووه‌.
له‌به‌شێك له‌و كتێبه‌ی‌ بارزانیدا، باس له‌وه‌كراوه‌ كه‌ له‌دوای‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ وتووێژه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوو وه‌فدی‌ هه‌رێم‌و به‌غدا، له‌پاش ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ 2017 " گه‌ڕی‌ یه‌كه‌می‌ وتووێژه‌كان به‌به‌شداریی‌ نوێنه‌رانی‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان، به‌ئاماده‌بوونی‌ نوێنه‌ری‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران‌و حزبوڵای‌ لوبنانی‌، به‌ڕیوه‌چوو، له‌و دانیشتنانه‌دا، عیراقییه‌كان به‌ فه‌رمانی‌ ئێران‌و حزبوڵا ده‌جوڵانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ڕاستیدا سوكایه‌تییه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ له‌لایه‌ن عه‌بادییه‌وه‌ ده‌رهه‌ق به‌ سه‌روه‌ری‌ عیراق، كاتێك كه‌سانی‌ بیانی‌ بێن‌و بڕیار له‌سه‌ر دیاریكردنی‌ هێڵی‌ ته‌ماس بده‌ن، هه‌ربۆیه‌ بڕیارماندا جارێكی‌ تر وه‌فدی‌ دانوستانكار له‌گه‌ڵیان وتووێژ نه‌كه‌نه‌وه‌".
 له‌وه‌ڵامی‌ ئه‌و گێڕانه‌وه‌ی‌ بارزانیدا، هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌، بوونی‌ كه‌سانی‌ نا عیراقی‌ له‌و تووێژانه‌دا ره‌تكردووه‌ته‌وه‌و رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و قسانه‌" به‌لاڕێدابردنی‌ راستییه‌ مێژووییه‌كانه‌‌و له‌كه‌داركردنی‌ سه‌روه‌ری‌ حكومه‌تی‌ عیراقه‌ و هه‌وڵێكیشه‌ بۆ تێكه‌ڵاوكردنی‌ كاغه‌زه‌كان".
هه‌ر له‌و روونكردنه‌وه‌یه‌دا هاتووه‌: "به‌ڵگه‌نامه‌كان جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ وه‌فدی‌ لایه‌نی‌ عیراقی‌ پێكهاتبوون له‌ هه‌ریه‌ك له‌ فه‌ریقی‌ یه‌كه‌می‌ روكن عوسمان غانمی‌، سه‌رۆك ئه‌ركانی‌ سوپا‌و فه‌ریق روكن سه‌عد عه‌لاق سه‌رۆكی‌ هه‌واڵگریی‌ سه‌ربازی‌‌و فه‌ریق روكن مه‌ناف ته‌میمی‌ جێگری فه‌رمانده‌ی‌ ده‌زگای‌ دژه‌تیرۆر".

سه‌رچاوه‌: شه‌فه‌ق نیوز
وه‌رگێڕان‌و داڕشتنه‌وه‌ی‌: رێباز زه‌نگه‌نه‌

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو