ئه‌و كه‌سه‌ی‌ ئه‌مڕۆ سێ‌ كه‌سی‌ له‌ فه‌ره‌نسا كوشت، كێیه‌؟

  2020-10-29 21:23      405 جار بینراوە        کۆمێنت
ئه‌مه‌ دوه‌م هێرشی‌ له‌وجۆره‌یه‌ له‌ فه‌ره‌نسادا رووبدات

به‌پێی‌ زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، بكوژه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ شاری‌ نیسی‌ فه‌ره‌نسا، تازه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ فه‌ره‌نسا.
له‌و باره‌یه‌وه‌، ئاژانسی فرانس پرێس، بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئەو کەسەی ئه‌مڕۆ  سێ هاوڵاتیی فەرەنسیی بە چەقۆ کوشت، خەڵکی وڵاتی‌ تونسە و لەم مانگەدا گەیشتووەتە فەرەنسا.
ئاژانسه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردووه‌ كه‌ بكوژه‌كه‌ ناوی ئیبراهیمە و تەمەنی 21 ساڵە، مانگی‌ رابردوو گەیشتووەتە دوورگەی لامبیدۆسای ئیتاڵیا و دواتر چووه‌ بۆ فەرەنسا.
سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، كه‌سێك له‌ نزیك كڵێسای‌ نۆتردام له‌ شاری‌ نیسی‌ فه‌ره‌نسا، به‌چه‌قۆ هێرشی‌ كرده‌سه‌ر چه‌ند كه‌سێك، له‌ئاكامدا سیان له‌و كه‌سانه‌ گیانیان له‌ده‌ست دا.
دوای‌ رووداوه‌كه‌، سەرۆکی‌ شارەوانی نیس هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" ناوبرد، دواتریش ئیمانوێڵ ماكرۆن سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نسا، سه‌ردانی‌ شوێنی‌ رووداوه‌كه‌ی‌ كردو رایگه‌یاند كه‌ فه‌ره‌نسا رووبه‌ڕووی‌ "تیرۆری‌ ئیسلامی‌" بووه‌ته‌وه‌.
له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م مانگه‌دا، ئه‌مه‌ دوه‌م هێرشی‌ له‌وجۆره‌یه‌ له‌ فه‌ره‌نسادا رووبدات، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ریش مامۆستایه‌ك له‌ نزیك پاریس له‌لایه‌ن گه‌نجێكی‌ تووندڕه‌وی‌ چیچانه‌وه‌ سه‌ربڕا.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌كان
وه‌رگێڕان‌و داڕشتنه‌وه‌ی‌: رێباز زه‌نگه‌نه‌

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو