بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ڕۆژی شەهیدی یەكێتی

  2020-11-20 15:52      167 جار بینراوە        کۆمێنت

جەماوەری شەھیدپەروەری كوردستان!
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان!

ئەمڕۆ رۆژی شەھیدی یەكێتی و شۆرشی نوێ، رۆژی سەردانەواندن بۆ  یادوبیرەوەری گیانبازانی نیشتمانە كە رۆح وگیانی خۆیان بەخشی بە رزگاری وڵات و پارێزگاری لە خەڵك و خاكی كوردستان لە ھەموو وێستەگەكانی تێكۆشاندا، لەدەستپێكی موقاوەمەتی زیندان تا شۆرشی نوێ و نەبەردییەكانی، تا راپەرین و رزگاری یەكجارەكی لە رژێمی دیكتاتۆری و شۆڤێنی بەعس، بۆ وێستگەی بەرەنگاری ھەڕەشەی تیرۆرستان بەھەموو رەنگ و دەمامكە جیاوازەكانییانەوە. لەم تۆمارە پر سەروەرییەدا یەكێتی نەك هیوا و ئومێدی بەخشیەوە بە گەلەكەمان، بەڵكو لەشێوازی تێكۆشاندا رەچەشكێنی كرد، لە خانەی زێرینی شەھادەتیشدا داھێنانی مەزنی كرد بەجۆرێ كە لەخۆڕا نییە كۆمەڵانی خەڵك ناوی حزبی شەھیدانیان لە یەكێتییەكەی مام ناوە.
كاروانی شەهیدانی یەكێتی بێكۆتایین و كە ئاور لە ڕابردوو دەدەینەوە وێنە و سەرەوەری و قارەمانێتی زیاتر لە بیست هەزار شەهید دەبینین. رۆڵە ئازا و چاونەترسەكانی یەكێتی لە زیندان و سەنگەر و خەباتی نهێنی و چالاكی ناوشارەكاندا، بوون بە نمونەی بەرزی شۆڕشگێڕی ، بە پێوە و بە شكۆ و سەربەرزییەوە ، شەهیدبوون و بەخوێن و فرمێسك مێژووییەكی زیاتر لە چلوپێنج ساڵیەیان نەخشاند.
  لەم رەوتە قوربانیدەرەدا، هێشتا زۆر نەبوو شۆڕشی نوی و خەباتی یەكێتی دەستی پێكردبوو، كاتیك شەهیدانی سەركردە (شیهاب شێخ نوری، ئەنوەر زۆراب، جەعفەر عەبدولواحید)، كە لە زیندانی بەعسیە فاشیەكاندا بوون، بێ‌ سڵەمینەوە، چوونە بەردەم پەتی سێدارەو دروشمە مەزنەكەی "كەم ژیان، كەڵ ژیان"یان كردە سەرمەشقی شەهیدبوون ‌وبە ئازایەتی‌و جوامێریان وزەو تینیان دایەوە بە شۆڕش‌و بەھەوق بوونە سەردەقشكێنانی شەھادەت و گیانبازی ، هەر بۆیە ڕۆژی 21-11ی هەموو ساڵێك لە مێژووی گەلەكەماندا وەك ڕۆژی شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تۆماركراوە و ھەموو ساڵێك ئەم یادە حزبی و میللییە دەبێتە بۆنەی دووپاتكردنەوەی بەڵێن و وەفا بۆ رێبازی شەھیدانی كوردایەتی و كوردەواری.
 لە ڕۆژژمێری ساڵدا، ڕۆژێك شك نابەین یاد و بیرەوەری شەهیدبوونی قارەمانێكی یەكێتی تێدا نەبێت، سەنگەری نەبەردی و كونجی زیندان و شەقام و شارو گوندێك نییە لەم وڵاتەدا كە رۆڵەیەكی خۆنەویستی یەكێتی سەروەریەكی تێدا تۆمار نەكردبێت و خوێن و خاكی ئاوێتەی خۆشەویستی كوردستان نەبووبێت.
ئەمڕۆ رۆژی هەموو شەهیدانی یەكێتی وشۆرشی نوێ و گەلەكەمانە  بێ جیاوازی، رۆژی شەهیدانی سەنگەر و شەهیدانی فەرماندە و  سەركردەكانی مەیدانی ئاوەدانی نەبەردییەكان، شەھیدانی چالاكی رێكخستنەكان  و شەهیدانی ئەشكەنجە و سێدارە، شەهیدانی گۆڕغەریب و گومناو و بێسەروشوێن ، شەهیدانی ژن و مناڵ و شەهیدانی كیمیاباران و ئەنفال و جینۆساید و شەهیدانی كەمینە ئاینی و نەتەوەییەكانی وڵاتەكەمانن كە لە ریزەكانی یەكێتی و شۆڕشی نوێدا گیانیان بۆ ئازادی و سەرفرازی كوردستان و گەلەكەمان لەدژی بەعسییە فاشیستەكان بەخشی، ڕۆژی ئەو شەهیدانەیە، كە كوردستان و مرۆڤایەتیان لە دڕندەیی داعشە تیرۆریستەكان پاراست و خوێنی ئاڵیان بەسەر گڵ و بەردی كەركوك و خانەقین و خورماتوو و گوڵاڵە و مەخمورو و شەنگال تا حەمرینی بە جێما. 
گەلی كوردستانی تێكۆشەر!
بنەماڵە شەھیدپەروەكان لە خوشك و برا، دایكو باوك، ھاوسەر و كچ و كوڕ و نەوەی شەھیدەسەربەرزەكانی یەكێتییەكەتان، ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان،  هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری كوردستان و كوردایەتی، بەبێ‌ جیاوازی بە شەهیدی خۆمان ، بەشەھیدی كوردستانیان دەزانین‌و بە تاجە گوڵینەی وەفا و ئەمەكداریەوە لە ئاست  گلكۆكانیاندا سەری رێزو نەوازش دادەنەوێنین، خۆشمان بە خزمەتكاری خێزان‌و كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەزانین بێ درێغ لە خزمەتی یادگارە شیرینەكانیاندا  دەمێنینەوە.
   شەهیدەكانمان بۆ كۆمەڵێك ئامانجی پیرۆز گیانی خۆیان بەختكرد، كە بەشێك لەو ئامانجانە بەدیهاتوون‌و زۆریشی هێشتا ماون ‌و پێویستیان بە خەبات ‌و قوربانیانی زیاتر هەیە بۆ بەدیهاتنیان.، بۆیە بە پێویستی دەزانین وەبیر هەموولایەكی بهێنینەوە،  بەتایبەتی  دامەزراوە رەسمییەكان لە پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هەموومان قەرزارباری لەدەستدانی ژیانی هاوڕێ‌و هاوسەنگەرە شەهیدەكانمانین، خێزان‌و كەسوكارە سەربەرزەكانیان ئەمانەتن لە ئەستۆی هەموومان كە دەبێت  هەنگاوی كردەیی زیاتر و زیاتر بنرێت بۆ دابینكردنی ژیانێكی سەربەرزو شەرەفمەندانە بۆیان و درێخی نەكرێ‌ لە خزمەتكردنیان. 
   لەم ڕۆژە پیرۆزەدا دووپاتی دەكەینەوە، یەكریزی نیشتمانیی و چارەسەركردنی كێشەكانی حوكمڕانی و كێشە سیاسیەكان بەگیانی بەرپرسیارێتی و ئەنجامدانی چاكسازی ڕاستەقینە و بەگژاچوونەوەی گەندەلی و باشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك و بوژانەوەی ئابوری كوردستان، وەفادارییە بۆ شەهیدەكان و رێزگرتنیشە لەو ئامانج و ئاواتە پیرۆزانەی لەپێناویدا شەهیدبوون. 
 یەكێتی وەك هێزێكی نیشتمانی دەربەست و بەرپرسیار ، وەك یەكێتی ڕاپەراندنی ئەركە سەختەكان ، یەكێتی بیست هەزار شەهید و هەزاران قارەمان و تێكۆشەری تری كاروانی خەبات، بۆ بەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەكان و مافە نەتەوەیی و دیموكراسیەكانی گەلی كوردستان، بێپەروا لە هەموو مەیدانەكانی خەباتدا بەردەوام دەبێت.  
لەرۆژی شەھیدانی حزبی شەھیداندا:
-    سڵاو لە رۆحی بەرزەفڕی سەرۆك و  ڕابەری مێژوویی و  ڕابەری شۆڕشی نوێ‌‌ و كوردایەتیمان سەرۆك مام جەلال
-    سڵاو لە شەهیدانی یەكێتی‌و هەموو شەهیدانی كوردو كوردستان.
-    سڵاو لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

2020-11-20

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو