كۆسرەت رەسوڵ: لە ڕۆژی شەهیدی یەكێتیدا بەڵێن دووپات دەكەینەوە درێژەپێدەری ڕێبازە پیرۆزەكەیان بین

  2020-11-20 17:26      194 جار بینراوە        کۆمێنت

كۆسرەت ڕەسول عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە ڕۆژی شەهیدی یەكێتیدا پەیامێك ئاراستە دەكات.دەقی پەیامەكە..
‎لە ڕۆژی شەهیدی یەكێتی، دروودو سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاكی شەهیدانی یەكێتی، ئەو شەهیدانەی لەپێناو كوردستان كەم ژیان و كەڵ ژیان.
‎بە درێژایی مێژوو، لە یەكەم ڕۆژی ڕاگەیاندن و دامەزراندنیەوە، لە ڕاپەرین و ڕزگاركردنی عێراق تا شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستان و پاراستنی كوردستان لەهێرشی تاریك پەرستانی داعش، هەمیشە پێشمەرگە قارەمانەكانی یەكێتی لە ڕیزی پێشەوەی خەبات بوونە، قوربانیان داوەو بەژیان و گیانی خۆیان بەرگریان لە كوردو كوردستان كردووە.
‎ئەوە تێكۆشەرو قارەمانانی یەكێتی بوون لەژێر پەتی سێدارە، لە بەرامبەرو ئەشكەنجەو ئازاری دڕندانەی بەعس بەدروشمی كەم ژیان و كەڵ ژیان بەپێكەنینەوە دەچوونە ژێر پەتی سێدارەو ڕێگای شەهیدبوونیان هەڵدەبژارد، لەولاشەوە پێشمەرگە قارەمانەكان لە داستان و نەبەردییەكان بەڕۆحی خۆیان و بەخوێنی خۆیان سەركەوتنی مێژووییان تۆمار دەكردو مێژوویان دەنووسیەوەو بە دوژمنیان دەوت ئێرە كوردستانەو خاكی خۆمانە.
‎ئەمڕۆ لە ڕۆژی شەهیدی یەكێتی، كە هەموومان ئەم یادە پیرۆزە دەكەینەوەو بەڵێن دووپات دەكەینەوە كە درێژەپێدەری ڕێبازە پیرۆزەكەیان دەبین و لەپێناو ئەو یەكێتیەی حزبی شەهیدانەو هیچ ڕۆژێك نییە لە ڕۆژژمێری ساڵ مێژووەكەی بەخوێنی شەهیدێك و بەداستان و نەبەردییەك سەروەری تۆمار نەكرابێ، بۆیە ئەركی هەموومانە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان خزمەتگوزاری پێشكەشی كەسوكارو وارسی شەهیدان بكەن و پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكەن و لەئاست پێویستییەكانیان دەستەوەستان نەبین، نابێ بیرمان بچێ كەسوكاری شەهیدان، كچان و كوڕانی شەهیدان، نەوەی شەهیدان گەورەترین سەرمایەن بۆ هەموومان و دەبێ سوود لە تواناكانیان وەرگرین و بایەخیان پێ بدەین.
‎جارێكی تر سەری ڕێزو نەوازش بۆ شەهیدان دادەنوێنم، ڕێزگرتن لەخوێنی شەهیدان و خەبات و قوربانیدانی خانەوادەی تێكۆشەرەكەیان ئەركی هەموو یەكێتییە دڵسۆزەكانەو شەهیدانی هەموو كوردستان لەپێناو خاكی كوردستان و ئازادی گەلەكەمان خوێنیان بەخشیەو قوربانیدانیان مایەی ڕێزلێگرتنە.
‎بژی كوردستان، بژی یەكێتی
‎كۆسرەت ڕەسول عەلی 
‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی 
‎یەكێتی نیشتمانی كوردستان

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو