بەغدا لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دڵنیایی دەدات

  2020-11-21 10:06      485 جار بینراوە        کۆمێنت

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق رایگەیاند، هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق كار دەكەن بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیشەوە دڵنیایی دەدات كە چارەسەر دەبێت.
قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق ئاشكرایكرد، ئێمە زۆر سوورین لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەروەها كاردەكەین بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەو ناكۆكییەكان.
لەدوای تێپەڕاندنی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عیراق، بەغدا هەفتەی رابردوو دوو مووچەی فەرمانبەرانی دابەشكرد، بەڵام هێشتا ئەو 320 ملیار دینارەی هەولێر و بەغدا لەسەری رێككەوتبوون تاوەكو پەسەندكردنی بودجەی گشتیی ساڵی 2021 بیداتە هەرێمی كوردستان، نەیناردووەو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە.
رونیشیكردەوە، حكومەت دەیەوێت كێشەی مووچە چارەسەر بكات، بە دڵنیاییەوە فەرمانبەرانی كوردستان برای خۆشەویستی ئێمەن، هیچ جیاوازییەكیان نییە لەگەڵ فەرمانبەرانی بەغدا و پارێزگاكانی دیكە، هەمووان دڵنیادەكەینەوە پشتیوان بەخوا بەو نزیكانە ئەوە چارەسەر دەبێت.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، مستەفا كازمی داوای لە پەرلەمانتاران كرد ناكۆكییە سیاسییەكان رەنگدانەوەو كاریگەرییان لەسەر بژێویی خەڵك نەبێت، لەبارەی رێككەوتنی هەرێم و بەغداش رایگەیاند، رێككەوتووین تاوەكو پەسندكردنی بودجە پارەیەكی سادە بنێرین كە مەبەستی 320 ملیار دینارەكەیە.
كازمی لە قسەكانیدا باسی لە تێپەڕاندنی یاسای قەرز بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە لە پەرلەمانی عیراق بەبێ خواستی كورد كرد و وتی: ئێستا یاسای قەرز زۆر كاری حكومەتی پەكخستووە، لێرەدا باسی ناكەم، بە راشكاوانە دەڵێم هیوادارم لە برایانی پەرلەمان، ناكۆكی سیاسی رەنگنەداتەوە لەسەر بژێوی گەل، جا كورد بێت یان عەرەب بێت.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، پەرلەمانی عیراق بەبێ رەزامەندیی كورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ كورتهێنانی بودجە پەسندكرد. بەپێی یاساكە هیچ پشكێك لەو قەرزە بۆ هەرێمی كوردستان دیارینەكراوە، هاوكات رادەستكردنی هیچ بڕە نەوتێكیش لەسەر هەرێمی كوردستان نەسەپێنراوە، بەڵكو دانراوە كۆمپانیای سۆمۆ دیاریبكات، بۆیە بڕیارە هەرێمی كوردستان وەفدێك بۆ گفتوگۆ بنێرێتە بەغدا. بیانووی پەرلەمانتارانی شیعە و بەشێكی سووننەكان لە تێپەڕاندنی ئەو یاسایە ئەوەیە كە دەڵێن هەرێمی كوردستان هیچ داهاتێكی نەداوەتە حكومەتی عیراق.
مستەفا كازمی لەو بارەیەوە دەڵێت، بەڵێ هەڵە هەیە و هەندێك شت هەیە لە پەیوەندییەكانی بەغدا و هەرێم، بەڵام داوادەكەم بازرگانی بە بژێوی گەل نەكرێت، هاووڵاتییان بەهیچ شێوەیەك ناتوانن هەڵەی سیاسی لە ئەستۆبگرن، پێویستە هاووڵاتی بەتەواوی لەمە بەدووربن، نابێت مووچە ببێتە ماددەیەك بۆ كێشانەوەی پارە، ئەمە حەرامە. 
لەبارەی بەردەوامی دانوستاندنەكانی هەولێر و بەغدا، كازمی رایگەیاند، دانوستاندن بەمنزیكانە دەكرێت و پێشتریش هەبووە و  بەردەوامە، پێشتر رێككەوتین لەسەر پێدانی بڕە پارەیەكی سادە تاوەكو یاسای بودجەی 2021 پەسند دەكرێت، كەمتر لە مانگێك كوتلە سیاسییەكان بەوپەڕی جیدییەتەوە كاردەكەن بۆ چارەسەركردنی سەرجەم ئاستەنگییەكان، دانوستاندنی نێوان كوتلە سیاسییەكان مافێكی سرووشتی كوتلە سیاسییەكانە كە قسەیان لەسەر بودجە هەبێت، بەڵام بەپێی بەرژەوەندی عیراق بێت.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو