گرووپی بیست چییە، ئەندامەكانی كێن و ئامانجیان چییە؟

  2020-11-21 18:29      119 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەمڕۆ شەممە 21 ی تەشرینی دووەم و سبەی یەكشەممە 22 ی تەشرینی دووەم، سەرانی گرووپی بیست، كۆبوونەوەی ساڵانەی خۆیان، بەسەرۆكایەتی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشای سعودیه، بەشێوەی "ئۆن لاین"، بەڕێوەدەچێت.
كۆبوونەوەی باڵای گرووپی بیست، ئەمساڵ لە دۆخێكدا سازدەكرێت كە جیهان رووبەڕووی پەتای كۆرۆنا بووەتەوە، گرووپەكە لەماوەی رابردوودا سەركردایەتی هەوڵێكی نێودەوڵەتی كرد كە بووەهۆی پابەندبوونگەلێك بۆ دابینكردنی 21 ملیار دۆلار، بەمەبەستی پشتیوانیكردنی بەرهەمهێنانی دەرمان و چارەسەری كۆرۆنا و دابەشكردنی، سەرباری تەرخانكردنی 11 ملیار دۆلار بۆ پشتیوانیكردنی ئابووری جیهان.

كۆبوونەوەی ئەمساڵی گرووپەكە، بەسەرپەرشتی عەرەبستانی سعودیە دەكرێت، گەورەترین وڵاتی هەناردەكەری نەوتی خاو، لەكاتێكدا كە رەخنەیەكی زۆری لێدەگیرێت، بەهۆی تۆماری شانشینەكە لەبواری مافی مرۆڤ، لەدوای كوژرانی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی لەساڵی 2018 و جەنگی یەمەن.
لەو بارەیەوە، حكومەتی سعودیە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆ و سبەی گرووپەكە، جەختدەكاتەسەر پاراستنی گیانی مرۆڤەكان و بەدەستهێنانەوەی گەشەكردن لەمیانەی مامەڵەكردن لەگەڵ پەتای كۆرۆنا و پتەوكردنی گەشەپێدان لەسەر ئاستی دریژمەودا."
گرووپی بیست چییە؟
گرووپی بیست، كۆڕبەندێكە بۆ هاریكاری ئابووری و دارایی لەنێوان وڵاتانی ئەندام و ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییانەی رۆڵێكی سەرەكییان هەیە لە ئابووری و بازركانی جیهاندا و ساڵانە لە یەكێك لە وڵاتانی ئەندام كۆدەبنەوە.

هەندێك زانیاریی لەسەر گرووپی بیست
- بەرهەمی گرووپەكە، 80%ی كۆی بەرهەمی جیهان پێكدەهێنێت.
- بەشی وڵاتانی ئەندام لە گرووپەكە 75% ی  بازرگانی جیهان پێكدەهێنێت.
- ژمارەی دانیشتوانی گرووپەكە  یەك لەسەر سێی كۆی ژمارەی دانیشتوانی جیهانە.

ئەندامانی گرووپەكە
ئەندامانی گرووپی بیست لە هەریەك لە یەكێتی ئەوروپا و ئەرژەنتین و ئوسترالیا و بەرازیل و كەنەدا و چین و فەرەنسا و ئەڵمانیا و هیندستان و ئیندۆنیسیا و ئیتاڵیا و یابان و مەكسیك و روسیا و سعودیە و باشووری ئەفریقیا و كۆریای باشوور و توركیا و بریتانیاو ئەمریكا، پێكهاتووە.
وڵاتانی ئەندام، بە نۆرە سەرۆكایەتی گرووپی بیست دەكەن، هەر ساڵێك و وڵاتێك سەرۆكایەتی دەكات كە رۆڵێكی سەركردانەی دەبێت لە ئامادەكردنی بەرنامەكانی سەرۆكایەتی، لە كۆتاییشدا بەیاننامەی كۆتایی  گرووپەكە دەردەكرێت.
ئەو رێكخراو و دەزگا نێودەوڵەتییانەی ئامادەی كۆبوونەوەی گرووووپی بیست دەبن
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، بانكی نێودەوڵەتی، رێكخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی، ئەنجومەنی سەقامگیریی دارایی، رێكخراوی گەشەپێدان و هاریكاریی ئابووری، رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی،  نەتەوە یەكگرتووەكان.

سەرچاوە: بی بی سی عەرەبییە
وەرگێڕان و داڕشتنەوەی: فەریق حەبیب

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو