پەیامی لاهور شێخ جەنگی لە رۆژی جیهانیی ریشەكێشكردنی تووندوتیژی دژی ژنان

  2020-11-25 09:25      152 جار بینراوە        کۆمێنت

با لە رۆژی جیهانیی ریشەكێشكردنی تووندوتیژی دژی ژنان، هەمووان پشت و پەنای ژنانی كوردستان بین.
مێژوو ئەڵێ دایكانی كوردستان، دایكی شارستەنییەتی مرۆڤایەتین كە دەیان هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە دامێنی ئەوان و زنجیرە چیا سەركەشەكانی كوردستاندا، مرۆڤی نوێ و خێزانی نوێ و كۆمەڵگەی نوێیان پەروەردە كردووەو شۆڕشە یەك لە دوا یەكەكانی ئەم گەلەیان ژیاندووە، پاراستووە و گەشەپێداوە.
دایكانی ئێمە، جیاواز لە ژنان و كچانی تری دنیا، جەرگ سوتاوانی شۆڕشی نیشتمانی و سوتماكی داگیركاری و شەڕی ناوخۆ و ئازاردراوانی دەروونی و جەستەیی دەست كولتوری چەوت و كۆن و ناڕەسەنن، بەڵام سروشتی رەسەنیان وایكردووە كە هەرگیز نادادی و ستەم و جیاكارییە جێندەرییەكان رۆ نەچێتە ناو دڵ و دەروونییان و، هەرگیز كیژی كوردستان بە پاشكۆییەتی، لاوازی و دەستەمۆكارییە رەگەزی و كۆمەڵایەتی و كارگێڕی و سیاسییەكان رازی نەبووە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتێكی جەماوەریی و هەڵقوڵاوی بیر و توانای هەموو چین و توێژەكانی كوردستانەو جێی سەرنجە كە كچان و ژنانی ئەم كوردستانە، رۆڵی پێشەنگیان هەبووە لە پاراستنی یەكێتیی و سەرخستنی خەباتە رەواكەیدا.
پارتە رەسەنە سۆشیاڵ دیموكراتەكەی كوردستان، یەكێتییەكەی هەڤاڵ مام جەلال، باوەڕی تەواوی بە پاراستنی كچان و ژنان هەیە لە بەرامبەر هەر جۆرە زوڵم و نادادی و دەستدرێژییەكدا.
یەكێتییەكەتان بە كردەوە بەها گەردوونییەكانی پاراستووەو باوەڕی بە راماڵینی هەر بەربەستێك هەیە كە رێ لە یەكسانیی ژن و پیاو بگرێت.
یەكێتییەكەتان بە بڕیارو لە هەڵبژاردن و كۆنگرەكانی رابردووشدا، بە یاسا زەمینەی هەموار كردووە، بۆ سەركەوتنی كچان و ژنانی شایستە بۆ پێگە باڵا حزبییەكان، پەروەردەكردنیان و هەمیشەش هەوڵیداوە كە كچان و ژنانی خاوەن توانا و باوەڕ و ئیرادە، لە پێگەی حكومڕانییە باڵاكانی كوردستان و عیراق و دەرەوەی دا، رابەرایەتی جڤاتەكەیان بگرنە دەست.
سەرباری هەوڵەكانی یەكێتیی و رێكخراوە لۆكاڵی و جیهانییەكان بۆ ریشەكێشكردنی تووندوتیژی دژی ژنان و كردنەوەی دەیان رێكخراو و ناوەند و دەزگا بۆ بەرگریكردن لە ژنان، بەڵام ئێمە لە سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە نیگەرانییەوە لەو رووداو و ئامارانە دەڕوانین كە هەڵكشانی تاوانی دژ بە كەرامەت و پێگەو ماف و ئازادی و ژیانی كچان و ژنانی گەلەكەمان نیشان دەدەن.
ئەم نیگەرانییەی ئێمە، زادەی كۆدەنگییەكە لە ناو ئەنجومەنی سەركردایەتی و رێكخستنەكانی یەكێتی و كۆمەڵانی سەربەرزی كوردستاندا كە هەمووان پێكەوە، ببینە پارێزەر بۆ كچان و ژنان و رێ نەدەین دەست درێژی بكرێتە سەر ژیان و ماف و دەرفەتەكانی بەردەمیان و هەر جۆرە سەرپێچییەك دژ بە ماف و ئازادییەكانیان، رووبەڕووی یاسا و زیندوێتی رای گشتی كۆمەڵگە بكەینەوە.
لە رۆژی جیهانیی ریشەكێشكردنی تووندوتیژی دژی ژنان، ئێمە لێرەین تا هەموومان پێكەوە، پشت و پەنای كچ و ژن و دایكە شۆرشگێڕ و نوێخوازەكانی كوردستان بین.
پێكەوە باوك و براو كەسوكاربین بۆ پاراستنیان، بۆ پێشخستنیان، بۆ گەشەدان بە تواناكانیان، بۆ سەرخستنیان بۆ پێگەكانی رابەڕایەتی كردن.
بە درێژایی مێژووی گەلان، ژنان و كچانی كوردستان سێمبولی گەلیكی زیندوو، ئازا و ئازاد بوون... دڵنیابن كە ئێمە لە سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تێ دەكۆشین، ئەو سێمبولە بپارێزین و بەهێزی بكەین.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو