دانە غاز: ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە وێستگەی كۆرمۆر زیادی كردووە

  2020-11-25 12:21      139 جار بینراوە        کۆمێنت

كۆمپانیای دانە غاز-ی ئیماراتی رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی غازیان لە وێستگەی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان زیادكردووەو گەیاندویانە بە 418 ملیۆن پێی سێجا لە رۆژێكدا.
كۆمپانیای دانە غاز كە یەكێكە لە هاوپەیمانەكانی كۆمپانیای پێرل پترۆلیۆم لە راپۆرتێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە كە ئاستی بەرهەمهێنانی غازیان لە وێستگەی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان زیادكردووە و گەیاندویانە بە 418 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێكدا.
لە راگەیەنراوەكەدا كۆمپانیای دانە غاز كە بەڕێژەی 35 لەسەدا پشكی لە كۆمپانیای پێرل پترۆلیۆم-دا هەیە، باسی لەوەكردووە كە لە میانی چارەكی سێیەمی ئەمساڵدا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی كوردستان بەڕێژەی شەش لەسەدا زیادكردووەو گەیاندویانە بە 32 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
پاتریك ئالمان وارد، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای دانە غاز، خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە بەو دەستكەوتەی كە لە وێستگەی كۆرمۆر بەدیهاتووە و رایگەیاندووە، ئەو دەستكەوتە لە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەكانیان بە ئامانجی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی وزە لە وێستگەی كۆرمۆر بەدیهاتووە.
باسی لەوەشكردووە، سەرباری ئەوەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، جێبەجێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی یەكەم هێڵەكانی چارەسەركردنی غاز كە توانای بەرهەمهێنانی دەگاتە 250 میلۆن سێجا لە رۆژێكدا دواخرا، بەڵام لە میانی چەند هەفتەی داهاتوودا، دەست دەكرێتەوە بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە.
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای دانە غازئاماژەی بەوەشكردووە، سەرجەم لایەنەكانی بەشداربوو لە پڕۆژەی كۆرمۆر بەتەواوی پابەندن بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی فراوانكردنی وێستگەكە و وتیشی: بەرهەمهێنانی غاز لە پڕۆژەی یەكەم هێڵەكانی چارەسەركردنی غاز لە چارەكی یەكەمی ساڵی 2023 دەست پێ دەكات.
ئەوەیشی خستۆتەڕوو، پێشبینی دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنی بەرهەمهێنانی غاز لە پڕۆژەی یەكەم هێڵەكانی چارەسەركردنی غاز، لەنێوان 175 بۆ 200 میلۆن دۆلار ساڵانە بۆ داهاتی دانە غاز زیاد بكرێت.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو