كێن ئەو كەسانەی ناتوانن ڤاكسینی دژەكۆرۆنا بەكاربهێنن؟

  2020-12-04 20:23      407 جار بینراوە        کۆمێنت

سەرباری ئەو هیوا گەورەیەی لەسەر ڤاكسینی دژەكۆرۆنا هەڵچندراوە، بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بەرگری لەدژی ئەو پەتا كوشندەیە پەیدا بكات، بەڵام هەندێ كەس، لەبەر هۆكاری تەندروستی ناتوانن ڤاكسینەكە بەكاربهێنن.

پێگەی " ئەینوز" بڵاویكردەوە، پسپۆڕان ئامۆژگاری ئەوە دەكەن هەندێ كەس، لەبەر هۆكاری تەندروستی، نابێت ڤاكسینی فایزەری دژە كۆرۆنا وەربگرن، ئەوانیش بریتین لە:

یەكەم: ژنانی دووگیان

لیژنەی هاوبەشی كوتان رایگەیاند، نابێت ژنانی دووگیان ڤاكسین وەربگرن، چونكە تائێستا داتا و زانیاریی پێویست لەبەردەستدا نییە كە بیسەلمێنێت ڤاكسینەكە بێ زیانە بۆیان و شوێنەواری لاوەكی نییە.

پێگەكە لەزاری پرۆفیسۆر جۆناسان ڤان تام، جێگری گەورە پزیشكانی ئینگلتەراوە رایگەیاند، كەمی زانیاری لەبارەی شوێنەواری ڤاكسینی دژەكۆرۆنا لەسەر ژنانی دووگیان، هۆكارەكەی ئەوەیە كە تائێستا هیچ تاقیكردنەوەیەكی ڤاكسینەكەیان لەسەر ئەنجام نەدراوە.

دووەم:  منداڵان
بەهەمان شێوەی ژنان، تا ئێستا هیچ گرەنتییەك نییە بۆ بەكارهێنانی بێ زیانانەی ڤاكسینەكە بۆ منداڵان.

سێهەم: ئەوانەی هەستیارییان هەیە

نابێت ئەو كەسانەی هەستیارییان بەرانبەر یەكێك لە پێكهاتەكانی ڤاكسینەكەیان هەیە، ڤاكسین وەربگرن، هەر بۆیە ئەوانەی هەستیارییان هەیە، نابێ بێ پرس و راوێژی پزیشك ڤاكسین بەكاربهێنن.
پسپۆڕان دەڵێن كەم كەس هەستیاری بەرانبەر بە پێكهاتەكانی ڤاكسین هەیە.


سەرچاوە: كەناڵی ئاسمانی حوڕەی ئەمریكی
وەرگێڕان و داڕشتنەوەی: فەریق حەبیب 

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو