كاروانێكی دیكەی هاوكاری هاوپەیمانان، دەگاتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە

  2021-01-08 20:11      921 جار بینراوە        کۆمێنت

كاروانێكی دیكەی هاوكاری هاوپەیمانان گەیشتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە، كە پێكهاتووە لە ئۆتۆمبێلی جۆری هەمەرو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرو ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنی سەربازی و چەند كەلوپەلێكی دیكەی سەربازی.
فەرماندەی سەنتەری هاوبەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش لە هەولێر رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە هاوكارییكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و چەك و پێداویستی سەربازی زیاتریش بۆ پێشمەرگە دەنێرن.
كاروانی هاوكاری هاوپەیمانان گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، ئەم كاروانە لە چوارچێوەی هاوكاری هاوپەیمانانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش تا ئەو كاتەی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە بنبڕ دەكرێت.
هاوكاریەكە بریتین لە98 ئۆتۆمبێلی سەربازی و 50 مێكزەمینی سەربازی و ژمارەیەك لە ئۆتومبێلی هامەرو چەندین ئۆتۆمبێلی ئامبوڵانس و چەند پیداویستی دیكە.
كۆڵۆنێل دەیڤد ولیەمس، فەرماندەی فەرماندەیی سەنتەری هاوبەشی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە هەولێر ئاشكرایكرد، هاوكاریەكانمان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن و كەرەستە و چەك و جلوبەرگی سەربازی زیاتر بۆ پێشمەرگە دەنێرین، وتیشی: هێشتا داعش لە ناو نەچووەڤ، بۆیە ئامانجمان لە ناردنی ئەم هاوكاریانە بۆ لەناوبردنی تەواوی داعشە.
روونیشیكردەوە، هاوكارییەكانی ئەم جارەمان بایی 12  ملیۆن دۆلار و نیوە، ئۆتومبێل و پێداویستی فریاگوزاری سەربازییە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە‌ كە خۆی لە 98 ئۆتومبێلی سەربازی و 50 مێكزەمینی سەربازی و هەروەها ژمارەیەك لە ئۆتۆمبێلی هامەرو چەندین ئۆتۆمبێلی ئامبوڵانسن، ‌تا ئێستا لەچوارچێوەی هاوكارییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەدژی داعش بایی 400 ملیۆن دۆلار كەلوپەلی سەربازیمان پێشكەش بە هێزەكانی عیراق و هێزی پێشمەرگە كردووە‌ كە 375 ملیۆنی بۆ هێزەكانی عیراق دابینكراوەو 25 ملیۆنەكەی دیكەش دراوە بە هێزی پێشمەرگە.
باسی لەوەشكرد، لە ماوەی 10 بۆ 18 مانگی ئایندەش ئێمە بەردەوام دەبین لە دابینكردنی پێداویستییە سەربازییەكان بۆ 12 لیوای سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بێجگە لەوەش ئێمە چەك وتەقەمەنیش بۆ هێزی پێشمەرگە دابین دەكەین.
سەبارەت بە مەترسی داعش وتی: بەڵێ داعش لە هەندێك ناوچە ماون و ئامانجیش لەم هاوكارییكردنە ئەوەیە،‌ بە تەواوەتی رەگی داعش لەم ناوچەیە لەناوبەرین.
شێرزاد ئەسعەد، سەرۆكی لیژنەی وەرگرتنی هاوكارییەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لیستێكمان داوەتە هاوپەیمانان ئەوانیش بەڵێنیان داوە ئەو هاوكاریانەی داوامان كردووە بۆمان بنێرن.
هاوكات ناردنی ئەو هاوكاریانە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێـت، مانگانەش بەم شێوەیە هاوكاریەكان دەگاتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە. لە چەند رۆژی داهاتووشدا ژمارەیەكی دیكەش دەگاتە هەولێر، هاوكارییەكان رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە كران و دواتر دابەشی سەر لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە دەكرێت، كە رۆڵێكی فراونتری دەبێـت لە بنبڕكردنی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو