‎كۆسرەت رەسوڵ: ئاواتەخوازم هەمیشە كوردستانی نوێ لەلوتكەی سەركەوتن و پێشكەوتن ببینم

  2021-01-11 16:53      118 جار بینراوە        کۆمێنت

كۆسرەت رەسوڵ عەلی بەبۆنەی بیست و نۆهەمین ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی كوردستانی نوێ، یەكەم رۆژنامەی رۆژانەی كوردی، پیرۆزبایی لەستافی رۆژنامەكە دەكات.
دەقی پیرۆزباییەكە...
‎بەڕێزان: سەرنووسەرو ستافی رۆژنامەی كوردستانی نوێ 
لەبیست و نۆهەمین ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی كوردستانی نوێ، یەكەم رۆژنامەی رۆژانەی كوردی گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوەو لەڕێگای ئێوەشەوە ئاراستەی خوێنەرانی كوردستانی نوێ-ی ئازیز دەكەم.
‎رۆژنامەی كوردستانی نوێ وەك دیارییەكی گەورەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ نووسەران و رۆشنبیران لەهەولێر بەبەشداری نووسەران و رۆشنبیرانی شارەكە ژمارە سفری چاپ و بڵاوكرایەوە، كە ئەوسا دەستپێشخەرییەكی گرنگی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو بۆ رەوتی رۆژنامەگەری كوردی و كوردستانی نوێ بووە مینبەری گەیاندنی راستی، لەوساوە بۆ ئەمڕۆ كوردستانی نوێ هەموو رۆژێك لەگەڵ خۆر هەڵدێت، ‎لەماوەی تەمەنی خۆیدا، كوردستانی نوێ وەك رۆژنامەیەكی رۆژانەی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، توانیویەتی ببێتە مینبەری دەنگ و رەنگە جیاوازەكان و هەمیشە دەرگای ئاوەڵاو لەسەرپشت بووە بۆ بڵاوكردنەوەی رەخنەو بیروڕای جیاوازی رۆشنبیران و نووسەران، هاوكات پردێكی گرنگی گەیاندنی داوا رەواكانی خەڵكی كوردستان بووە بەدەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەكان.
‎ئەمڕۆ، كە ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی كوردستانی نوێ یەكەم رۆژنامەی رۆژانەی كوردی دوای ڕاپەڕین دەكەینەوە، وەك ئەوێ ڕۆژێ چۆن و هەمیشە پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی خۆم بۆ رۆژنامەی كوردستانی نوێ دووپات دەكەمەوەو ئاواتەخوازم هەمیشە كوردستانی نوێ لەلووتكەی سەركەوتن و پێشكەوتن ببینم، دەبێ كوردستانی نوێ هی هەمووان و بۆ هەمووان بێ، مینبەری رەخنەگرتن و رای ئازاد بێ، سەكۆی یەكێتییەكان بێ و رەخنەو ڕەخنە لەخۆگرتن بنەمای كاركردنی داهاتوو بێت.
‎كۆسرەت رەسوڵ عەلی 
‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی 
‎یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو