رووداوەکەی کۆنگرێس "دیاردەیەکی مەترسیدار"ی لەنێو سوپای ئەمریکادا دەرخست

  2021-01-15 10:19      278 جار بینراوە        کۆمێنت
چه‌ند ئه‌ندامێكی‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ئه‌مریكا

دوێنێ پێنجشەممە 14ی کانوونی دووەم، گەورە بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند کە لەماوەی ساڵی رابردوودا سوپای ئەمریکا زیادبوونێکی بەرچاوی دیاردەی تووندڕەویی بەخۆوەبینیووە، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ئاستی ئەو زیادبوونە بخاتەڕوو.  
ماوەیەكی زۆرە دیاردەی تووندڕەویی لەنێو سوپای ئەمریکادا وەک یەکێک لە کێشەکانی ئەو سوپایە لێی دەڕوانرێت، بەڵام دوای هەڵکوتانەسەر بینای کۆنگرێس لەلایەن لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپەوە، رەنگە ئەو کێشەیە زیاتڕ بخرێتەژێر لێکۆڵێنەوە، بەمەبەستی دەستنیشانکردنی رێگاکانی چارەسەرکردنی.
لەو چوارچێوەیەشدا سوپای ئەمریکا رایگەیاند کە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان(FBI) دەکات، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئاخۆ هیچ سەربازێکی ئێستای سوپا لەنێو ئەو خۆپێشاندەرانەدا بوون کە رۆژی 6 ی ئەم مانگە هەڵیانکوتایەسەر بینای کۆنگرێس.
هاوکات سوپای ئەمریکا لێکۆڵێنەوە دەکات لەسەر پێویستی پێداچوونەوە بە ژیاننامەو رابردووی ئەو ئەندامانەی پاسەوانی نیشتمانی کە لەرۆژی دانانی جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەمریکادا ئامادە دەبن و ئاسایشی رێوڕەسمەکە دابین دەکەن.
گه‌وره‌ به‌رپرسه‌كه‌ی‌ سوپای‌ ئه‌مریكا كه‌ داوای‌ كردوه‌ ناوی‌ نه‌هێندرێت، به‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ وتووه‌" به‌راورد به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ تووندڕه‌ویی‌ له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئه‌مریكیدا، زیادبوون به‌دیده‌كه‌م له‌ به‌رزبونه‌وه‌ی‌ تووندڕه‌وی‌ له‌ نێو سوپادا"، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ له‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌و ئاگاداركردنه‌وانه‌دا بۆ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ له‌نێو سوپاوه‌ ده‌رباره‌ی‌ تووندڕه‌ویی‌ پێی‌ ده‌گات.
له‌به‌رانبه‌ردا، داریل جۆنسن، شرۆڤه‌كاری‌ هه‌واڵگریی‌ كه‌ له‌ نێوان ساڵانی‌ 2004 بۆ 2010 له‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ ئه‌مریكادا كاریكردووه‌، ده‌ڵێت" به‌درێژایی‌ ده‌ ساڵی‌ رابردوو، ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌مان فه‌رامۆش كرد، پشتگوێمان خست و چاومان لێی‌ پۆشی‌. له‌ ڕاستیدا ئه‌م ئیداره‌یه‌ی‌ ئێستای‌ تره‌مپ تووندڕه‌وه‌كانی‌ له‌خۆده‌گرت‌و وه‌كو كه‌سانی‌ باش‌و جیاواز ره‌فتاری‌ له‌گه‌ڵ ده‌كردن".
به‌هۆی‌ رووداوی‌ هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر بینای‌ كۆنگرێس‌و مه‌ترسی‌ بوونی‌ تووندڕه‌وان له‌ نێو سوپا و هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا، رۆژی‌ 20 ئه‌م مانگه‌ كه‌ رێوڕه‌سمی‌ دانانی‌ جۆ بایدن سه‌رۆكی‌ نوێی‌ ئه‌مریكای‌ تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، رێوشوێنێكی‌ ئه‌منی‌ تووند ده‌گیرێته‌به‌ر و بڕیاره‌ ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی‌ پاسه‌وانی‌ نیشتمانی‌ له‌ واشنتۆن بڵاویان پێبكرێت، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ش هه‌ر مه‌ترسی‌ رووداوی‌ له‌ناكاو له‌ئارادایه‌.

سه‌رچاوه‌: سكای‌ نیوز عه‌ره‌بییه‌
وه‌رگێڕان‌و داڕشتنه‌وه‌ی‌: فه‌ریق حه‌بیب

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو