لەگەڵ مستەفا كازمی كۆبووەوە
لاهور شێخ جەنگی: پشتیوان دەبین لەتێپەڕاندنی بودجەو چارەسەركردنی بژێوی هاووڵاتیان و مووچەخۆران

  2021-01-16 20:59      186 جار بینراوە        کۆمێنت

لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە (16/1/2021) لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عیراق کۆبووەوە.
لەدیدارێکدا کە هەریەک لەئاسۆ مامەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هەرێم کەمال ئاغا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا دەربارەی دوا پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکان و پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعیراقدا.
لاهور شێخ جەنگی پشتیوانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دووپاتکردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕگە یاسایەی کە تایبەتە بەپشکی کوردو شایستە داراییەکانی هەرێم لەپڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی٢٠٢١ لەپێناو چارەسەرکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
هاوکات داواشیکرد کە پشکی جوتیارانی هەرێم لەبەرچاو بگیرێت و وەک بەڵێنیان پێدرابوو کێشەکانیان بۆ چارەسەربکرێت.
لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا دەربارەی پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق لەوبارەیەوە لاهور شێخ جەنگی جەختیکردەوە، لەسەر رەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو بەهەوڵی هەموو لایەنەکان و رایگەیاند: هەر بڕیارێک لەلایەن حکومەت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە بدرێت وەک یەکێتی پشتیوانی دەکەین بۆ تەواوکردنی ئامادەسازییەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردو سەرکەوتنی پرۆسەکە.
داواشیکرد، سەرۆک وەزیران رۆڵی هەبێت لەدابینکردنی ئاسایش و پاراستنی ئارامی زیاتر لەناوچە دابڕێندراوەکان. لەکۆتایی دیدارەکەدا مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عیراق ئامادەیی خۆی دەربڕی کە هاوکارو پشتیوان بێت و هەوڵەکانی چڕبکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەپێناو سەقامگیری عیراق و پاراستنی مافی هاووڵاتیان لەچوارچێوەی دەستووری عیراق.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو