مووچەی پێشمەرگە بەبێ لێبڕین دابەشدەكرێت

  2021-01-24 19:19      368 جار بینراوە        کۆمێنت

جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لەوەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بڕیارە مووچەی لیواکان و دامەزراوەکانی مەشقی سەربازی بەبێ لێبڕین دابەشبکرێت.

لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لەوەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " ئەو هاوکارییەی هاوپەیمانان کە بۆ وەزارەتی پێشمەرگەو لیواکانی هاتووە، پێشتر دەخرایە سەر ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی  هەرێمی کوردستان، لێرە بەدواوە دەگوازرێتەوە سەر ژمارەی حیسابی وەزارەتی پێشمەرگە. لەو پارەیە مووچەی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگەو دامەزراوەکانی مەشقە سەربازییەکان دەدرێت و وا بڕیارە مووچەکانیان بەبێ لێبڕین پێبدرێت". وتیشی: "دابەشکردنی مووچەکە بەبێ لێبڕین لەم مانگەوە دەبێت".

لەبارەی گواستنەوەی هاوکارییەکەی هاوپەیمانان بۆسەر حسابی وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا قارەمان وتی: "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش ئاگاداری بابەتەکەیە".

هەرچەندە لەخشتەی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی داراییدا، بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی کانوونی دووەمی 2021 مووچەی وەزارەتی پێشمەرگەش دابەشبکرێت، بەڵام دابەشنەکرا.
 
رۆژی شەممە 23ی کانوونی دووەمی 2021، وەزارەتی دارایی لیستێکی نوێی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوە، بەپێی لیستەکە دەبووایە ئەمڕۆ یەکشەممە مووچەی وەزارەتەکانی تەندروستی، پێشمەرگە و دارایی دابەشبکرێن، بەڵام مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشنەکرا.
 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو