بافڵ تاڵەبانی پێشوازی لەلێپرسراوی نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا كرد

  2021-01-25 13:43      209 جار بینراوە        کۆمێنت

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیكرد لە ئاشلی دوریك، لێپرسراوی نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لەھەرێمی كوردستان.
لە دیدارێكدا كە دكتۆر سۆران جەمال تاھیر، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان ئامادەیبوو، بەبایەخەوە باس لەپەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییەكانی نێوان ھەردوولا كراو  جەخت لە فراوانكردنی ھاریكاری و ھاوكارییەكانی كەنەدا كرایەوە بەتایبەت لەخستنەگەڕی زیاتری ھەوڵەكانیان بۆ مەشقپێكردنی ھێزی پێشمەرگە و رێكخستنەوەی یەكە سەربازییەكان لەچوارچێوەی پشتیوانییەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
ھەر لە دیدارەكەدا بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پێشھاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكانەوە ھەڵوێست و بڕیاری نیشتمانیی یەكێتی خستەڕوو و ئاماژەی بەڕێگاچارەكانی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە كرد و تەئكیدی لە خستنەگەڕی ھەوڵەكان كردەوە بۆ گەیشتن بەرێككەوتن، بۆ ئەوەش بنیادنانی دیالۆگی نیشتمانیی لەنێوان ھێزەكانی ھەرێم و عێراق بەپێویست زانی و داوایكرد نوێنەری وڵاتان پشتگیری ئەم ھەوڵانە بكەن و ھاوكاربن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، ھاوكات ئاماژەی بەھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزی لە ھەرێم كرد و بە فاكتەری بەھێزتركردنی قەوارەی ھەرێم و زیاتر خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك وەسفیكرد.
سەبارەت بەھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عێراقیش گفتوگۆكرا و ھاوسەرۆك خواستی یەكێتی دووپاتكردەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەوادەی خۆیدا و راشیگەیاند، دەمانەوێت لە ناوچە دابڕێندراوەكان وەك كورد بەیەكدەنگی و یەكھەڵوێستی بەشداریبكەین و یەكڕیزی نیشتمانی بپارێزین .

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو