قائیمقامیەتی سلێمانی: ئەم جۆرە دەرمانە بەكارمەهێنن
2021-01-26 10:03     158 جار بینراوە      کۆمێنت
لەسەر سكاڵای هاوڵاتیان، قائیمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر بڕێك دەرمانی نایاسایدا دەگرێت و نوێنەری تەندروستی سلێمانی-ش داوا لە هاوڵاتیان دەكات ئەو جۆرە دەرمانانە بەكارنەهێنن.
د. پەرست نەقشبەندی، پزیشكی دەرمانساز و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لەلیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، رایگەیاند: لەسەر سكاڵای هاوڵاتیان، لیژنەكانی قائیمقامیەت دەستیان بەسەر بڕێك دەرمانی زیادكردن و كەمكردنەوەی كێشدا گرتووە كەبەشێوەیەكی نایاسایی هاوردەی شاری سلێمانی كراوە.
وتیشی، بەكارهێنانی دەرمان پێویستە لەلایەن پزیشكی تایبەتمەندەوە دیاری بكرێت و لە دەرمانخانە فەرمییەكان بكڕێت وەهەروەها پزیشكی دەرمانساز شێوازەكەی بۆ نەخۆشەكان رونبكاتەوە، پاشان بەكاربهێنرێت.
رونیشیكردەوە، ئەو دەرمانانەی لەڕیگەی پەیجەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی و بەشێوەی ئۆنلاین بەهاوڵاتیان دەفرۆشرێت نایاساییە چونكە لەگەڵ ئەوەی نازانرێت پێكهاتەكەی چییە، ئەو دەرمانانە بەسەرچوون و شێوازی بەكارهێنانەكەشی هەڵەیە، هەرلەبەر ئەمەش لەڕێگەی تەلەفۆنەوە دەگەیەنرێتە دەستی كڕیارەكان، كەئەمەش زیان بەتەندروستی ئەو كەسانە دەگەیەنیت.
وتی: لیژنەكان بەوردە بەدواداچونیان كردوە و دەركەوتوە ئەو كۆگای عەمباركردنی ئەو جۆرە دەرمانانە لەشاری سلێمانی بونی نیە. بەڵكو لەشارەكانی دیكەی هەرێم و عێراقەوە بەشێوەی قاچاغ و بەڕێژەی كەم هاوردە دەكرێت بەهاوڵاتیانی شاری سلێمانی دەفرۆشرێت.
د. پەرست نەقشبەندی، داوا لەهاوڵاتیان دەكات: بۆ زیادكردن یان كەمكردنەوەی كێش، جوانكاریی و بەهێزی جەستە یان هەرجۆرە نەخۆشییەكی دیكە لەو جۆرە دەرمانانە بەكارمەهێنن چونكە زیان بەتەندروستی خۆیان دەگەیەنن، ئاماژەی بۆ ئەوشكرد: بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی تەواوی ئەو دەرمانەی دەستی بەسەردا گیراوە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە لەناودەبرێت.
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی
بابەتی زیاتر